بەغداد- INA
ئەمڕۆ یەکشەممە،ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا،پیرۆزبایی لە عەلی زەیدی کرد بەبۆنەی ڕاسپاردنی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو، لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی، تیایدا ڕایگەیاندوە : ئەمڕۆ یەکشەممە "عەلی فالح زەیدی" سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن ،ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنساوە پێگەیشت و تێیدا بەبۆنەی ڕاسپاردنی بە شێوەیەکی فەرمی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، پیرۆزبایی لێکرد.
وەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە: لە میانی پەیوەندییەکەدا باس لە ڕێگاکانی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کرا، بەو شێوەیەی کە بەرژەوەندی هەردوو وڵاتی دۆست دەستەبەر بکات،و ماکرۆن ، جەختی لە پشتگیری و پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ عێراق و بەهێزکردنی هاوبەشیی نێوان هەردوولا لە بوارە جیاجیاکاندا کردووەتەوە.
هەر بەپێی بەیاننامەکە : لە پەیوەندییەکەدا ڕێککەوتن لەسەر ئاڵوگۆڕی سەردانی فەرمی لە قۆناغی داهاتوودا کراوە، بە مەبەستی پەرەپێدانی هەماهەنگییە ئابوورییەکان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

