بەغداد – INA
ئەمڕۆ یەکشەممە، عەدنان فەیحان دلێمی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، جەختی لە بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی پەرلەمان کردەوە سەبارەت بە شایستە داراییەکانی جووتیاران، هاوکات فەرمانی دا بە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی خۆپیشاندانەکانی بەغداد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری یەکەم لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی، تیایدا ڕایگەیاند: عەدنان فەیحان دلێمی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمڕۆ لە نووسینگەکەی خۆی پێشوازیکرد لە ، یوسف گەناوی، پارێزگاری نەجەفی ئەشرەف و هەردوو پەرلەمانتار مورتەزا ئیبراهیمی و زەیدون نەبهانی، بە مەبەستی تاوتوێکردنی مەلەفی شایستە داراییەکانی جووتیاران، و دۆزینەوەی ڕێگەی گونجاو بۆ پشتگیریکردنی ئەم توێژە بە شێوەیەک کە مافە یاساییەکانیان مسۆگەر بکات.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە : کە دلێمی سەرکۆنەی ئەو هێرش و توندوتیژییانەی کردووە کە ڕووبەڕووی جووتیاران بووەتەوە لە کاتی خۆپیشاندانەکەیاندا لە بەغداد بۆ داواکردنی مافەکانیان،و ئاماژەی بەوەشکرد : کە وەفدێکی پەرلەمانی پێکهێنراوە بۆ سەردانی بارەگای حکومەت و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی بڕیاری کۆتایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە مافی جووتیاران، بۆ ئەوەی دادپەروەرییان بۆ بەدی بێت و شایستەکانیان بەپێی چوارچێوە یاساییەکان خەرج بکرێت.
هەروەک فەیحان لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی ڕاسپاردووە کە فەرماندەکانی دەزگا ئەمنییەکان بانگهێشت بکەن و لێکۆڵینەوە لە وردەکاریی ئەو هێرشانە بکەن کە کراونەتە سەر خۆپیشاندەران، و جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستی ڕێزگرتن لە مافی هاوڵاتییان بۆ خۆپیشاندانی هێمنانە و سزادانی سەرپێچیکاران، بە جۆرێک کە شکۆی یاسا و کەرامەتی هاوڵاتییان بپارێزرێت.

