بەغداد - INA

ئەمڕۆ یەکشەممە،وەزارەتی کشتوکاڵ ڕایگەیاند :! کە بەرهەمهێنانی ناوخۆیی هێلکە باشە و هیچ قەیرانێک لە بازاڕدا نییە.

لە بەیاننامەیەکی وەزارەتەکەدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا هاتووە: هیچ قەیرانێک لە بەرهەمهێنان و بوونی هێلکەدا نییە.

ئاماژەی بەوەشکرد : ئەو بڕەی لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێنرێت بەسە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی بازاڕ، ئەمەش لە ژێر سایەی جێگیریی پڕۆژەکانی پەلەوەر و بەردەوامبوونیان لە بەرهەمهێنان بە توانایەکی ڕێکخراو.

ئەوەشی خستە ڕوو: بەرزبوونەوەی نرخەکان پەیوەندی بە کەمیی بەرهەمهێنانەوە نییە، بەڵکو هەندێک بازرگان لە پشت ئەم کارەوەن و لە ڕێگەی پڕوپاگەندەی هەبوونی کەمیی بەرهەمەوە، یاری بە بازاڕ دەکەن بە مەبەستی بەدەستهێنانی قازانجی خێرا.

بەپێی بەیاننامەکە: وەزارەت جەختی کردەوە لە بەردەوامبوونی تیمە چاودێرییەکانی بۆ بەدواداچوونی جووڵەی نرخەکان و دابینکردنی پێداویستییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان،بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕ و ڕێگریگرتن لە هەر حاڵەتێکی قۆرخکاری یان قۆستنەوە.

داواشی لە هاووڵاتییان کرد نەکەونە ژێر کاریگەریی دەنگۆکان یان ڕوو لە کڕینی زۆر بکەن،هەروەک دڵنیاییشیدا کە بازاڕی ناوخۆیی بە تەواوی دابینکراوە و هیچ کەمییەک لەم ماددە سەرەکییەدا نییە.