بەدواداچوون - INA
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە پلانی هەیە بۆ کەمکردنەوەیەکی گەورە لە ژمارەی هێزەکانی وڵاتەکەی کە لە ئەڵمانیا جێگیرکراون، ئەمەش دوای ڕۆژێک لە ڕاگەیەندراوێکی پێنتاگۆن دێت سەبارەت بە کشانەوەی پێنج هەزار سەرباز، کە ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی بووەوە تەنانەت لە ناوخۆی پارتی کۆماریشدا.
ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هێزەکانی ئەمریکا لە کاتی قسەکردنی بۆ ڕۆژنامەنووسان لە (وێست پالم بیچ ) لە ویلایەتی فلۆریدا، وتی: ژمارەی هێزەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکەینەوە، و زۆر زیاتر لە پێنج هەزار سەرباز کەم دەکەینەوە.
واشنتن بەنیازە بوونی سەربازی خۆی لە ئەڵمانیا بە ڕێژەی 15% لە کۆی گشتی هێزەکانی کە ژمارەیان 36 هەزار سەربازە کەم بکاتەوە، ئەوەش کشانەوەیەکە کە پێنتاگۆن پێیوایە دەکرێت لە ماوەی شەش بۆ دوازدە مانگی داهاتوودا تەواو بکرێت، وەک ئەوەی" شۆن بارنێڵ" وتەبێژی پێنتاگۆن ئاماژەی پێداوە.
لەبەرامبەردا، هەردوو سەرۆکی کۆماریی لێژنەکانی هێزە چەکدارەکان لە ئەنجومەنی پیران و نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا "نیگەرانی قووڵی" خۆیان بەرامبەر بەم بڕیارە دەربڕی و پێیان وابوو کە ئەمە "پەیامێکی هەڵە بۆ ڤلادیمێر پۆتین (سەرۆکی ڕووسیا) دەنێرێت.
مایک ڕۆجەرز و ڕۆجەر ویکەر لە بەیاننامەیەکدا هۆشدارییان دا و وتیان: تەنانەت ئەگەر هاوپەیمانەکان بەرەو خەرجیی بەرگری بە ڕێژەی 5% ی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی هەنگاو بنێن، بەدیهێنانی ئەم وەبەرهێنانە کاتی دەوێت.
ئاماژەیان بەوەشکرد : کە کەمکردنەوەی بوونی ئەمریکا لە ئەوروپا پێشوەختە و پێش ئەوەی ئەم ئامرازانە بە تەواوی ئامادە بن، هێزی ڕێگری دەخاتە مەترسییەوە.
لای خۆیەوە "بۆریس پیستۆریۆس" وەزیری بەرگری ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەکدا کە وەزارەتەکەی بۆ ئاژانسی فرانس پرێسی ناردووە، ڕایگەیاند: کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا و لە ئەڵمانیاش، چاوەڕوانکراو بوو،دەبێت ئێمەی ئەوروپی بەرپرسیارێتییەکی گەورەتر بۆ ئاسایشی خۆمان لە ئەستۆ بگرین.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نیگەرانی خۆی لە هەڵوێستەکانی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا سەبارەت بە شەڕ لەگەڵ ئێران دەربڕیبوو.
هاوکات لەگەڵ پەککەوتنی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دانوستاندن لەسەر ململانێکان، سەرۆکی ئەمریکا ڕەخنەی توند لە هاوپەیمانە ئەوروپییە تەقلیدییەکانی دەگرێت و تۆمەتباریان دەکات بە کەمتەرخەمی لە پشتگیریکردنی ئەو شەڕەی کە لە کۆتایی شوباتەوە دژی کۆماری ئیسلامی دەستی پێکردووە.
وتەبێژێکی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) ڕایگەیاند کە هاوپەیمانییەکە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا "کاردەکات" بۆ ڕوونکردنەوەی وردەکارییەکانی بڕیارەکەی سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی سەربازی لە ئەڵمانیا.

