نێودەوڵەتی – INA
یوری ئۆشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی ڕووسیا، جەختی کردەوە کە ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆکی ڕووسیا، ئاماژەی بەوە کردووە بۆ سەرکردە ئەمریکییەکە کە ئەنجامدانی هەر ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی لە ئێران کارێکی وەرنەگیراو و مەترسیدارە.
ئۆشاکۆڤ ڕایگەیاند: "سەرۆکی ڕووسیا سەرنجی خستە سەر ئەو لێکەوتە حەتمی و یەکجار زیانبەخشانەی کە تەنها بەرۆکی ئێران و دراوسێکانی ناگرێتەوە، بەڵکو کاردەکاتە سەر تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەگەر بێتو ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل بگەڕێنەوە سەر ڕێکارە سەربازییەکان. بێگومان بژاردەی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لەناو خاکی ئێراندا بە نادروست و زۆر مەترسیدار دەبینرێت."
یاریدەدەری سەرۆکی ڕووسیا ئاماژەی بەوەش کرد کە مۆسکۆ کۆمەڵێک پێشنیازی پێشکەشی ویلایەتە یەکگرتووەکان کردووە بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران و وتی: "ڕووسیا سوورە لەسەر پێشکەشکردنی هەموو هاوکارییەک بۆ هەوڵە دیپلۆماسییەکان بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ قەیرانەکە، و چەند پێشنیازێکی ئاراستە کردووە کە ئامانج لێی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکانە دەربارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران."
هەروەها دەڵێت: "بۆ ئەم مەبەستەش، پەیوەندییە چالاکەکانمان لەگەڵ نوێنەرانی ئێران و سەرکردەکانی وڵاتانی کەنداو، و هەروەها لەگەڵ ئیسرائیل و تیمی دانوستانکاری ئەمریکی بەردەوام دەبن."


