بەدواداچوون – INA

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن)، ئەمڕۆ چوارشەممە، بۆ یەکەمجار خەمڵاندنێکی فەرمی بۆ تێچووی جەنگ لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند، کە تا ئێستا گەیشتووەتە نزیکەی ٢٥ ملیار دۆلار تەنها بۆ تەقەمەنی و چەک.

بڵاوکردنەوەی ئەم ژمارەیە لە کاتێکی هەستیاردا دێت، کە تەنها شەش مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردنە خولییەکانی کۆنگرێس، ئەمەش لە كاتێكدایە فشارە سیاسییەکان بۆ سەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە زیادبووندایە، بەهۆی لێکەوتە ئابوورییەکانی جەنگەکە.

لە میانی دانیشتنێکی گوێگرتن لەبەردەم لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران، جۆڵس هێرس، بەرپرسی دارایی لە پنتاگۆن، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٩ی نیسانی ٢٠٢٦، ئاشکرایکرد کە بەشێکی زۆری ئەم خەرجییانە بۆ دابینکردنی تەقەمەنی و چەک تەرخانکراون، بێ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە ئایا تێچووەکان چاککردنەوەی ئەو بنکە سەربازییانەش دەگرێتەوە کە لە ناوچەکەدا زیانیان بەرکەوتووە یاخود نا.

لەلایەن خۆیەوە، ئادەم سمیس، نوێنەری دیموکراتەکان، پێشوازی لە ڕاگەیاندنی ئەم ژمارانە کرد و وتی: "خۆشحاڵین کە دواجار وەڵامی ئەم پرسیارەمان دەستکەوت، چونکە ماوەیەکی زۆرە داوای ئەم زانیارییانەمان دەکرد بێ ئەوەی هیچ ڕوونکردنەوەیەکمان دەستبکەوێت."

جەنگەکە لە ٢٨ی شوباتی ڕابردوو لەرێگەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دەستیپێکرد، و بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئەمریکا، تا ئێستا کوژرانی ١٣ سەربازی ئەمریکی و برینداربوونی سەدانی دیکەی لێکەوتووەتەوە.

هەروەها پنتاگۆن دەیان هەزار سەرباز و سێ کەشتیی فڕۆکەهەڵگری لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوەپێکردووە بۆ بەهێزکردنی فشارە سەربازییەکان.

ڕاپۆرتێکی ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوە کردووە: پەککەوتنی هەناردەی نەوت و گازی سروشتی بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و کەرەستە کشتوکاڵییەکان لەناو ئەمریکادا، ئەمەش شەپۆلێکی ناڕەزایەتی جەماوەریی لێکەوتووەتەوە.

داتاکانی ڕاپرسییەكی هاوبەشی نێوان ڕۆیتەرز و ئیپسۆس دەریانخستووە کە پاڵپشتی جەماوەریی ئەمریکا بۆ جەنگەکە بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە، بەجۆرێک تەنها ٣٤٪ی خەڵک پاڵپشتی بەردەوامیی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران دەکەن، لەکاتێکدا مانگی ڕابردوو ٣٨٪ بووە.

دیموکراتەکان هەوڵدەدەن ئەم پاشەکشەیەی پاڵپشتییە جەماوەرییە وەک کارتێکی فشاری سیاسی دژی کۆمارییەکان پێش هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بەکاربهێنن.