بەدواداچوون – INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخەكانی وزە لە جیهاندا بازدانێکی دراماتیکییان بەخۆوە بینی، بەجۆرێک نرخی خاوی برێنت بە ڕێژەی 7% بەرزبووەوە و بەربەستی 119 دۆلاری بۆ هەر بەرمیلێک بڕی.
ئەمە بەرزترین ئاستە لە دوای سەرهەڵدانی قەیرانەکەوە تۆمار کرابێت، ئەوەش دوای لێدوانە توندەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە تێیدا جەختی لە پابەندبوونی خۆی بە گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران کردەوە.
لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"، ترەمپ ڕایگەیاند: گەمارۆکانی سەر ئێران هەڵناگرێت تا ئەو کاتەی ڕێککەوتنێکی گشتگیر مسۆگەر دەکرێت کە کۆتایی بە تەماحە ئەتۆمییەکانی تاران بهێنێت.
ترەمپ وتی: "گەمارۆدان زۆر کاریگەرترە لە بۆردومانکردن، ئەوان بە توندی دەخنکێن و بارودۆخەکە بۆیان خراپتر دەبێت.. ناتوانن ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
لەلایەکی دیکەوە، موحسین پاک نەژاد، وەزیری نەوتی ئێران، ڕێکارەکانی ئەمریکای بە "پێشێلکارییەکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکان" وەسف کرد و ڕایگەیاند: "دوژمن لەبەردەم خۆڕاگریی کەرتی نەوتی ئێراندا تووشی بێهیوایی دەبێت."


