بەغدا - INA - محەمەد تالبی

وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار، ئەمڕۆ دووشەممە، جەختی کردەوە کە کەرتی گەشتوگوزار پڕۆژەیەکی نیشتمانی گشتگیرە و هەموو دامەزراوەکان تێیدا هاوکارن بۆ بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام و هەمەجۆرکردنی سەرچاوە ئابوورییەکان، هاوکات وەزارەت ئاشکرای کرد کە تا کۆتایی ئەمساڵ ١٠ هۆتێلی پێنج ئەستێرە دەکەونە خزمەتگوزارییەوە.

عەلی یاسین، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و ڕاگەیاندن و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و وتەبێژی فەرمی دەستەی گەشتوگوزار، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA )ی ڕاگەیاند: "ژێرخانی گەشتیاری باشبوونێکی بەرچاو بەخۆوە دەبینێت، بەوپێیەی ژمارەی هۆتێلەکان لە بەغدا لە ئێستادا گەیشتووەتە ١٧٨ هۆتێل، و چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ ١٠ هۆتێلی نوێی پێنج ئەستێرە بکەونە کار"، جەختیشی کردەوە لەسەر پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت و پێدانی ئاسانکاری گەورە بە وەبەرهێنەران لە بواری گەشتوگوزار و هۆتێلداریدا.

سەبارەت بە ڤیزای چوونەژوورەوە، یاسین ڕوونیکردەوە کە "ئەم دۆسیەیە لە تایبەتمەندی وەزارەتی ناوخۆیە، بەڵام لێکتێگەیشتن هەیە بۆ کەمکردنەوەی ڕسووماتی ڤیزا، بەو شێوەیەی کە بەشداربێت لە زیادکردنی ژمارەی گەشتیاران و پاڵپشتیکردنی ئابووری لە ڕێگەی ڕەخساندنی هەلی کار و ڕاکێشانی وەبەرهێنان"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "هەوڵی جدی هەیە بۆ پەیڕەوکردنی سیستەمی ڤیزای ئەلیکترۆنی بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ماوەی داهاتوودا".

لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە "هاوبەشی ڕاستەقینە لەگەڵ کەرتی تایبەت بنەمایە بۆ بەردەوامی کەرتی گەشتوگوزار و دابینکردنی ئەزموونێکی گشتگیر بۆ گەشتیاران".