بەغدا – INA – ئامنە سەلامی
فەرمانگەی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ، ئەمڕۆ سێشەممە، خستنەناوەی بێچووە ماسی (یرقات)ی گەتان و پەنجەماسی (إصبعيات)ی بنی لە چەندین گۆم و سەرچاوەی ئاودا ڕاگەیاند، جەختیشی کردەوە کە پلانی خستنەناوەی ماسی لە بەنداو و سەرچاوە ئاوییەکاندا بەپێی خشتەیەکی پەسەندکراو بەردەوامە، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم پرۆسەیە چەندین پارێزگای گرتووەتەوە و بە شێوەیەکی پلەبەندی فراوانتر دەبێت.
وەلید محەمەد ڕەزووقی، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەکە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "وەزارەت پلانێکی ساڵانەی هەیە بۆ زیادکردنی سامانی ماسی لە ڕێگەی خستنەناوەی بێچووە ماسی و پەنجەماسی لە سەرتاسەری سەرچاوە ئاوییەکانی وڵاتدا"، دووپاتیشی کردەوە کە "هەفتەی ڕابردوو بێچووە ماسی گەتان لە بەنداوی حەدیثە خراونەتە ناو ئاوەکەوە".
ئاماژەی بەوەش کرد: "لە ماوەی داهاتوودا پەنجەماسی لە جۆری (بنی) لە یەکێک لە سەرچاوە ئاوییەکاندا بەردەدەین، جا چ لە ئەهوارەکان بێت یان لە بەحری نەجەف، یان هەر شوێنێکی دیکە کە ئاوی بەردەوامی تێدابێت، هەروەها پرۆسەی خستنەناوەکە چەندین پارێزگای گرتووەتەوە و پارێزگاکانی دیکەش یەک لە دوای یەک دەگرێتەوە".
ڕەزووقی ڕوونیکردەوە: "پلانی زیادکردنی سامانی ماسی لە درێژایی ڕۆژانی ساڵدا بەردەوامە و پشت بە هەبوونی ئاو دەبەستێت؛ کاتێک سەرچاوە ئاوییەکان پڕ بن لە ئاو، ژمارەی ماسییەکان زیاد دەکەین، بەڵام ئەگەر کەمئاوی هەبێت، پرۆسەکە کەمدەکەینەوە و تەنها لەو شوێنە دیاریکراوانەدا ئەنجامی دەدەین کە ئاویان تێدا جێگیرە".
