بەغدا – INA

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمڕۆ سێشەممە کۆمەڵێک ڕێنمایی ئاراستەی وەزیرەکان کرد بۆ ئاسانکاری لە کارەکانی حکومەتی نوێ، هاوکات جەختی کردەوە کە قۆناغی داهاتوو پێویستی بە یەکخستنی هەوڵەکانی هەمووان هەیە لەپێناو بەردەوامبوونی خزمەتکردنی گەلەکەمان.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌ "محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە میانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممەی ئەنجومەنی وەزیراندا، کۆمەڵێک ڕێنمایی ئاراستەی وەزیرەکان کرد کە جەختیان لەسەر پێشکەشکردنی پاڵپشتی بۆ عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو دەکردەوە لە ماوەی ڕاسپاردنیدا، لەگەڵ ئاسانکاری بۆ کارەکانی حکومەتی نوێ".

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە – سودانی وتی: "دوێنێ گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی توانی کاندیدێک بۆ سەرۆکایەتی حکومەت دەستنیشان بکات، و فەرمانی دەستووری بۆ ڕاسپاردنی لەلایەن بەڕێز سەرۆک کۆمارەوە دەرچوو".

هه‌روه‌ها وتیشی: "ئاراستەی سکرتارییەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران دەکەین بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی ناوەندی لەگەڵ هەموو وەزارەتەکان بۆ ئامادەکردنی جانتای وەزاری بۆ هەر وەزیرێک"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "پێویستە هەر وەزیرێک کورتەیەکی ڕوون پێشکەش بکات کە یارمەتی وەزیرە نوێیەکە بدات بۆ ناسینی دۆسیە گرنگەکان، و هەڵسەنگاندنێک بۆ کارەکان و بەڕێوەبەرەکان لەخۆبگرێت بە ئەمانەتێکی نیشتمانی و پیشەییەوە".

لە کۆتاییدا وتی: "کاروانی خزمەتکردنی وڵات و گەلەکەمان و بنیادنانی دەوڵەت بەردەوام دەبێت لەژێر سایەی ئەم تەحەددییە مەترسیدارانە و وەرچەرخانە قورسانەی کە لێکدانەوەکانی دەوڵەتە سەقامگیر و گەشەسەندووەکانیشی تێکداوە".

سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە کە "قۆناغی داهاتوو پێویستی بە یەکخستنی هەوڵەکانی هەمووان هەیە لەپێناو بەردەوامبوونی خزمەتکردنی گەلەکەمان".