هەمەڕەنگ – INA

توێژینەوەیەکی نوێ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاشکرای کردووە کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەکارهێنانی تەواکەرە خۆراکییەکان و بەرهەمەکانی پزیشکی بەدیل لای منداڵان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، سەرەڕای نەبوونی بەڵگەی زانستی پێویست کە سوودە تەندروستییەکانیان بۆ ئەم تەمەنە بسەلمێنێت.

توێژەران کە سەر بە چەند زانکۆیەکی ئەمریکین، پشتیان بە شیکردنەوەی داتاکانی سێ ڕاپرسی نیشتمانی بەستووە کە باس لە خووە خۆراکییەکانی منداڵان دەکەن لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠٢٣. ئەنجامەکان دەریانخستووە کە بەکارهێنانی هەندێک تەواکەر وەک "میلاتۆنین"، "ڕیشاڵەکان (Fiber)"، و "پرۆبایۆتیک" لەم ماوەیەدا بۆ زیاتر لە دووقات بەرزبووەتەوە.

بەپێی توێژینەوەکە، نزیکەی ٣٥٪ی منداڵان تەواکەرە خۆراکییەکان بەکاردەهێنن، کە ڕێژەی بەکارهێنان لای ڕەگەزی نێر لە تەمەنی منداڵیدا بەرزترە، لە بەرامبەردا لای ڕەگەزی مێ لە قۆناغی هەرزەکاریدا زیادبوونێکی بەرچاو بینراوە. هەروەها دەرکەوتووە کە لە هەر پێنج منداڵێک یەکێکیان پشت بە "فیتامینە هەمەجۆرەکان (Multivitamins)" دەبەستێت، لە کاتێکدا تەواکەرەکانی "زینک"، "فیتامین D" و "ئاسن" لە سەرووی لیستی ئەو تەواکەرانەن کە زۆرترین بەکارهێنانیان هەیە.

لە بەرامبەردا، توێژەران هۆشدارییان داوە لە مەترسییە تەندروستییە ئەگەرییەکانی پەیوەست بە هەندێک لەم بەرهەمانە، لەوانە حاڵەتەکانی ژەهراویبوون و لێکەوتە خراپەکان لای منداڵان و هەرزەکاران. بە تایبەتی ئاماژەیان بە "میلاتۆنین" کردووە، کە پەیوەست کراوە بە زیادبوونی سەردانیکردنی بەشەکانی فریاکەوتن بەهۆی تێکچوونی کۆئەندامی هەرس و کێشە تەندروستییەکانی دیکە.

تیمی توێژینەوەکە جەختیان کردووەتەوە لەسەر پێویستی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگە سەبارەت بە بەکارهێنانی سەلامەتی تەواکەرەکان، و هۆشدارییان داوە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک بە منداڵان بدرێن مەگەر لەسەر ڕاسپاردەی پزیشکی ڕوون نەبێت.