نێودەوڵەتی – INA
داتاکانی شوێنپێهەڵگرتنی کەشتییەکان دەریدەخەن کە تانکەرێکی گازی سروشتیی شل کە لەلایەن کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئەبوزەبی (ئادنۆک)ی ئیماراتییەوە بەڕێوەدەبرێت، بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیوە و وادیارە لە هیندستان نزیکبووەتەوە.
ئەگەر ئەمە پشتڕاستبکرێتەوە، دەبێتە یەکەمین تانکەری گازی سروشتیی شل کە بە پڕی بە گەرووەکەدا تێپەڕیبێت لەوەتەی هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئێران. داتاکانی (ICIS LNG Edge) و (Marine Traffic) و گرووپی بۆرسەکانی لەندەن ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو تانکەرە کە توانای 136,357 مەتر سێجایە و لەلایەن کۆمپانیای (ئادنۆک بۆ دابینکردن و خزمەتگوزارییەکان)ەوە بەڕێوەدەبرێت، دوایین جار لە 30ی ئازاردا لە کەنداو بینراوە، پاشان لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوای هیندستان بینراوەتەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە دوای چەند هەفتەیەک لە پچڕانی ئاماژەکانی، توانیویەتی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕێت.
داتاکانی شوێنپێهەڵگرتنی جوڵەی دەریاوانی نیشانی دەدەن کە کەشتییەکان لە ناوچەی کەنداودا ڕێگەی خۆدزینەوە بەکاردەهێنن، وەک وەستان لە ناردنی شوێنی خۆیان یان ناردنی ژمارەی ناسنامەی هەڵە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی بەئامانجگرتن یان دەستبەسەرکردن نەبنەوە.
شایەنی باسە هەندێک لە تانکەرە گازییەکانی قەتەر لە مانگی نیساندا دوو جار هەوڵیان دا بە گەرووەکەدا تێپەڕن بەڵام بێسوود بوو، لە کاتێکدا تانکەرێکی گازی سروشتیی شڵی عومانی بە بەتاڵی لە سەرەتای ئەم مانگەدا توانیبووی بە گەرووەکەدا تێپەڕێت.
سەرچاوە: العربية
