بەغدا – INA

ئەمڕۆ دووشەممە، هێزە سیاسییەکان، پێشوازییان لە پێشکەشکردنی عەلی زەیدی لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە وەک کاندید بۆ سەرۆکایەتی وەزیران کرد.

سەرۆکی پارتی تەقەدوم، محەمەد حەلبوسی لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، ڕایگەیاند: "زۆر بە بەرزی نرخاندنی هەوڵەکانی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و پابەندبوونیان بە وادە دەستوورییەکان و ڕێککەوتنیان لەسەر پێشکەشکردنی عەلی زەیدی وەک کاندید بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەکەین؛ بەهۆی ئەو دیدگا ئابووری و ئەزموونەی هەیەتی کە هیوادارین بەشدار بێت لە چارەسەرکردنی تەحەددییە دەستبەجێ و داهاتووەکاندا".

وتیشی: "پاڵپشتی تەواوی خۆمان بۆ ئەم بژاردەی کاندیدکردنە دوپات دەکەکەینەوە کە بە میانڕەوی و نیشتمانپەروەری دەناسرێتەوە، و چاوەڕوانی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و تواناین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییەکان و جێبەجێکردنی پێداویستییەکانی قۆناغەکە، هەروەها حکومەتێک بێت کە کراوە بێت بەڕووی جیهاندا و پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ دەوروبەره عەرەبی و ئیسلامییەکەی بچەسپێنێت بە جۆرێک کە هیوای ڕۆڵەکانی گەلەکەمان بەدیبهێنێت".

هاوپەیمانی سیادە: هەنگاوی ڕاسپاردنی زەیدی پێشکەوتنێکی گرنگە لە ڕێڕەوی تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان

هاوپەیمانی سیادە پێشوازی لەو ڕێککەوتنە دەکات کە هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پێی گەیشتوون سەبارەت بە کاندیدکردنی بەڕێز عەلی زەیدی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ڕاسپاردنی لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە بۆ پێکهێنانی حکومەت، و بەوەی دادەنێت کە ئەم هەنگاوە پێشکەوتنێکی گرنگە لە ڕێڕەوی تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان و بەرەوپێشچوون لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو.

لەلایەکی تریشەوە هاوپەیمانی سیادە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، ئاماژەی بەوە کردووە کە "قۆناغی ئێستا پێویستی بە چەسپاندنی پرەنسیپی شەراکەتی نیشتمانی ڕاستەقینە و پابەندبوون بە ڕێککەوتنە سیاسییەکان هەیە، بە شێوەیەک کە گەرەنتی بەدیهێنانی سەقامگیری و وەڵامدانەوەی کاریگەر بۆ پێداویستییەکانی چاکسازی و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکان بکات، هەروەها چارەسەرکردنی تەحەددییە ئابوورییەکانی وڵات، و بەهێزکردنی سەروەری یاسا و سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، بەو جۆرەی کە شکۆی دامەزراوەکان بەهێز بکات و ئاسایشی هاوڵاتییان و مومتەلەکاتی گشتی بپارێزێت".

هاوپەیمانی سیادە جەختی کردەوە لەسەر گرنگی بەرەوپێشچوون بە ڕۆحییەتی بەرپرسیارێتی نیشتمانی و تەواکاری هەوڵەکانی هێزە سیاسییەکان بۆ پاڵپشتیکردنی حکومەتی داهاتوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییەکاندا، بە جۆرێک کە خزمەت بە یەکڕیزی عێراق بکات و بەرژەوەندییەکانی گەلەکەی بپارێزێت.

لەلای خۆشییەوە هاوپەیمانی عەزم لە ڕاگەیەندراوێکدا بۆ (INA) ئاماژەی بەوە کردووە کە پێشوازی لە دەرئەنجامەکانی کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکات کە لە کۆشکی حکومی لە بەغدا بەڕێوەچوو، و ئەو بڕیارانەی کە تێیدا بوون وەک هەنگاوێکی پێشکەوتوو لە ڕێڕەوی تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان و لە پێش هەموویانەوە هەڵبژاردنی بەڕێز عەلی زەیدی وەک کاندید بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو دادەنێت.

هاوپەیمانییەکە ستایشی ئەو هەوڵانەی کرد کە حکومەتی سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی لە ماوەی ڕابردوودا پێشکەشی کرد، و ئەو مامەڵە بەرپرسیارانەیەی لەگەڵ تەحەددییەکاندا کردی، هەروەها دەستخۆشی لەو هەڵوێستانە کرد کە بەشدار بوون لە ڕەخساندنی کەشوهەوای سیاسی و ئاسانکاری بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە لەگەڵ پێداویستییەکانی قۆناغەکەدا بگونجێت.

هاوپەیمانی عەزم پاڵپشتی خۆی بۆ بەرەوپێشچوون لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ بە سەرۆکایەتی بەڕێز عەلی زەیدی دوپات کردەوە، بەپێی وادە دەستوورییە دیاریکراوەکان و بەو شێوەیەی کە هیوای گەلی عێراق بەدیبهێنێت، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گرنگی بەردەوامیی هاوکاری نێوان هێزە سیاسییەکان بۆ مسۆگەرکردنی سەقامگیری وڵات و بەهێزکردنی کارەکانی دامەزراوەکانی دەوڵەت.