بەغدا – INA
ئەمڕۆ یەکشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران، ڕێنمایی دا بە پێکهێنانی دەستەیەکی تایبەت بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی پڕۆژەی بۆری نەوتی بەسرە-حەدیسە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە کە "محەمەد شیاع سودانی"سەرۆک وەزیران، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد بۆ بەدواداچوونی پڕۆژەی هێڵی بۆرییەکانی نەوتی (بەسرە-حەدیسە )، بە ئامادەبوونی هەردوو وەزیری نەوت و پیشەسازی، و ژمارەیەک لە ڕاوێژکارە پسپۆڕەکان.
بەگوێرەی بەیاننامەکە : هەردوو وەزیری نەوت و پیشەسازی و کانزاکان،شیکردنەوەیەکی وردیان دەربارەی پڕۆژەکە و ئەو خاڵانەی بوونەتە هۆی دواکەوتنی لە ماوەی ڕابردوودا پێشکەش کرد، لەگەڵ میکانیزمەکانی چارەسەرکردن و خێراکردنی هەنگاوەکانی کارکردن، جگە لە خستنەڕووی ڕێکارەکانی بەدواداچوون بۆ هەردوو گرێبەستی جێبەجێکردن؛ یەکەمیان کە لە (11ی ئابی 2024) لە نێوان کۆمپانیای نەوتی بەسرە و کۆمپانیای پڕۆژە نەوتییەکانی سەر بە وەزارەتی نەوت واژۆ کراوە، و دووەمیان کە لە (7ی کانوونی دووەمی 2025) لە نێوان کۆمپانیای پڕۆژە نەوتییەکان و کۆمپانیای گشتیی ئاسن و پۆڵا لە وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان واژۆ کراوە.
سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند کە پڕۆژەی بۆری گواستنەوەی بەسرە - حەدیسە، ئاسانکاری لە گواستنەوەی نەوتی خاو بەرەو بەندەری جیهانی تورکی، و بەندەرەکانی بانیاس و عەقەبە دەکات، جگە لە دابینکردنی پێداویستییەکانی پاڵاوگەکانی ناوەڕاست و باکوور و بەرزکردنەوەی تواناکانی بەرهەمهێنانیان لە بارودۆخە جیاوازەکاندا.
هەروەک جەختی کردەوە کە پڕۆژەکە کاتێک پێشنیاز کرا، وەک دیدێکی پێشوەختە بوو بۆ بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و بۆ دەربازبوون لە ئەگەری دروستبوونی ئاستەنگ لەبەردەم ڕێڕەوەکانی ئێستای هەناردەکردن، جگە لە گرنگییەکەی لە بەردەوامبوونی سەروەتی نەوتی عێراق و پاراستنی سەرچاوەکانی وزە و پێدانی پاڵنەر بە چەرخی گەشەپێدانی ئابووری نیشتمانی.
سەرۆک وەزیران ڕێنمایی دا بە پێکهێنانی دەستەیەکی تایبەت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، بە سەرۆکایەتی بریکاری وەزارەتی نەوت، و ئەندامییەتی ڕاوێژکارە پسپۆڕەکانی سەرۆک وەزیران و بەڕێوەبەرە گشتییە پەیوەندیدارەکان لە هەردوو وەزارەتی نەوت و پیشەسازی و کانزاکان.
هەر بەگوێرەی بەیاننامەکە، لە کۆبوونەوەکەدا ، باس لە وردەکارییە تەکنیکییەکانی ئەم پڕۆژە ستراتیژییە گرنگە کرا، و بڕیاردرا بە دابینکردنی بودجەی پڕۆژەکە لە ڕێگەی تەرخانکردنی بڕی 1.5 ملیار دۆلار لەمساڵدا ، کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنامەی عێراق-چین دابین دەکرێت.
شایەنی باسە تێچووی گشتیی خەمڵێنراوی پڕۆژەکە دەگاتە 5 ملیار دۆلار.



