بەدواداچوون - INA
بەرپرسانی ئەڵمانیا ڕووسیا تۆمەتبار دەکەن بەوەی لە پشت ئەو هێرشە ئەلیکترۆنییانەوەیە کە پەرلەمانتاران و بەرپرسانی باڵای حکومی کردووەتە ئامانج، کە ئەپڵیکەیشنی نامەگۆڕینەوەی "سیگناڵ" (Signal) بەکاردەهێنن.
سەرچاوەیەکی حکومی ڕایگەیاند: حکومەتی فیدراڵی وای بۆ دەچێت کە هەڵمەتی (ڕاوەماسی ئەلیکترۆنی - Phishing) کە خزمەتگوزاری نامەگۆڕینەوەی سیگناڵی کردبووە ئامانج، بە ئەگەرێکی زۆرەوە لەلایەن ڕووسیاوە بەڕێوەبراوە،و ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد کە هەڵمەتە ئەلیکترۆنییەکە ڕاگیراوە.
داواکاری گشتی ئەڵمانیا ڕۆژی هەینی لێکۆڵینەوەیەکی دەستپێکرد سەبارەت بەو هێرشانەی کە دەگوترێت پەرلەمانتارانی چەند پارتێکی جیاوازی کردووەتە ئامانج، لە نێویاندا سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامێکی دیار لە پارتی یەکێتی دیموکراتی مەسیحی (CDU) کە فریدریش مێرتس، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، سەرۆکایەتی دەکات.
هەروەها فەرمانبەرانی حکومی،و دیپلۆماتکاران و ڕۆژنامەنووسانیش کراونەتە ئامانج.
ئەڵمانیا، کە گەورەترین پاڵپشتیکاری سەربازی ئۆکرانیایە لە ئەوروپا، لە دوای دەستپێکردنی هێرشی هەمەلایەنەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ساڵی 2022ەوە، ڕووبەڕووی شەپۆلێکی ڕوو لە زیادبوونی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان و پلانەکانی سیخوڕی و تێکدەرانە بووەتەوە، لە بەرامبەردا مۆسکۆ بەرپرسیارێتی خۆی لە هەر کارێکی لەو شێوەیە ڕەتدەکاتەوە.


