بەدواداچوون - INA
ئیڤگینی ڤیشنێڤسکی، شارەزا لە "پلاتفۆرمی دەسپێشخەری تەکنەلۆژی نیشتمانی" ڕووسیا، گرانبەهاترین و دەگمەنترین کانزاکانی جیهانی دەستنیشان کرد و جیاوازی نێوان کانزای دەستکرد و سروشتی لە ڕووی دەگمەنی و نرخەوە ڕوونکردەوە.
ڤیشنێڤسکی بە ئاژانسی "ریا نۆڤۆستی" ڕاگەیاند: ئەگەر بە گشتی سەیری هەموو کانزاکان بکەین، بەوانەشەوە کە مرۆڤ دروستی کردوون، ئەوا ژمارەی پێوانەیی ڕەها لە ڕووی دەگمەنییەوە بۆ کانزای **(کالیفۆرنیۆم -Californium)** دەگەڕێتەوە.
ئەو شارەزایە ڕوونی کردەوە کە کالیفۆرنیۆم لە سروشتدا هەر نییە، بەڵکو بە شێوەیەکی دەستکرد لە کارتێکەرە ناوکییەکان (Nuclear reactors) تەنها لە دوو وڵاتی جیهاندا بەرهەم دەهێنرێت کە ئەوانیش ڕووسیا و ئەمریکان. قەبارەی بەرهەمهێنانی ساڵانەی ئەم کانزایە هێندە کەمە کە بە تۆن یان کیلۆگرام ناپێورێت، بەڵکو بە "دەنکۆڵە" دەپێورێت، ئەوەش بەهۆی ئەو ڕێکارە زۆر ئاڵۆز و تەکنەلۆژیا بەرزەی بۆ بەدەستهێنانی پێویستە.
ئاماژەی بەوەشکرد : کە دەگمەنی کالیفۆرنیۆم کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر نرخەکەی هەیە، بە جۆرێک نرخی یەک گرام لەم کانزایە دەگاتە چەندین دە ملیۆن دۆلار. ئەم کانزایە لە بوارە هەستیارەکانی وەک پزیشکی ناوکی (چارەسەری تیشکی) و توێژینەوەی ماددە پێشکەوتووەکاندا بەکاردێت.
سەبارەت بە کانزا سروشتییەکان، ڤیشنێڤسکی وتی: ئەگەر باس لەو کانزا سروشتییە جێگیرانە بکەین کە لە ناخی زەوی دەردەهێنرێن، ئەوا پلەی یەکەم بۆ کانزای (ئۆزمیۆم - Osmium)دەبێت.
"ئۆزمیۆم"لە باشووری ئەفریقا،و ڕووسیا،و ئەمریکا،و کەنەدا و کازاخستان وەک پاشماوە لە ناو خاوەکانی پلاتین و نیکڵ و مسدا دەردەهێنرێت.
بڕێکی زۆر کەمی لێ بەرهەم دەهێنرێت، چونکە ڕێژەی بوونی لە توێکڵی زەویدا تەنها 0.001 بەشە لە ملیۆن بەش، ئەگەر تۆنێک بەرد وەربگرین، بڕێکی یەکجار کەمی تێدایە کە لە کێشی دەنکە لمی کۆنیش کەمترە.
نرخی ئۆزمیۆم لە نێوان 1500 بۆ 10000 دۆلار بۆ هەر گرامێک دەبێت، ئەمەش بەگوێرەی پاکی و جۆری ئایزۆتۆپەکانی دەگۆڕێت، و ئەم کانزایە لە پیشەسازییە ورد و گرنگەکاندا بەکاردێت، وەک: پێکهاتەی بزوێنەری فڕۆکە و کەشتییە ئاسمانییەکان،و سەری پێنووسە جافەکان،و دەرزی گرامافۆنە کۆنەکان و ئامێرە وردەکانی نەشتەرگەری.
کالیفۆرنیۆم لوتکەی دەگمەنییە لە جیهانی کانزا دەستکردەکاندا کە نرخەکەی بە دە ملیۆنەها دۆلار دەپێورێت، لە کاتێکدا ئۆزمیۆم لە سەرووی لیستی دەگمەنترین کانزا سروشتییەکاندایە بەهۆی قورسی دەرهێنانی و کەمییەکەی لە توێکڵی زەویدا.



