بەغدا - INA

ئەمڕۆ شەممە وەزارەتی بازرگانی ڕایگەیاند : ڕێوشوێنی پێشوەختەی گرتۆتەبەر بۆ بەهێزكردنی ئاسایشی خۆراك بە دەستەبەركردنی یەدەگی زیادە.

محەممەد حەنون وتەبێژی وەزارەت لە بەیاننامەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) گەیشتووە ڕایگەیاندووە : كۆگا ناوەندییەكان و لقەكانی كۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانیكردن بە خۆراك خاوەنی كۆگای پێویستن لە كاڵا سەرەكییەكان، هەروەها كارەكانی دابینكردن و دابەشكردن بەپێی خشتە پەسەندكراوەكان بەبێ هیچ ئاستەنگێك بەڕێوەدەچن.

ئاماژەی بەوەشكرد : وەزارەت ڕێوشوێنی چالاكانەی گرتۆتەبەر بۆ بەرزكردنەوەی ئاسایشی خۆراك لەڕێگەی دەستەبەركردنی یەدەگی زیادە و دڵنیابوون لە گرێبەستە پێویستەكان بۆ گەرەنتیكردنی سەقامگیری شتومەكی سەبەتەی خۆراك لە ماوەی داهاتوودا.

جەختیشی لەوە كردەوە : كە وەزارەت ڕۆژانە چاودێری هەڵگرتن و گواستنەوە و دابەشكردن دەكات، هەروەها كارەكانی دابینكردن بۆ هاووڵاتیان و ڕێكارەكانی پشكنینی تاقیگەیی بۆ سەرجەم كەرەستەكان پێش دابەشكردنیان بەسەر كۆگاكانی بەغدا و پارێزگاكاندا، دووپاتیشیكردەوە كەلوپەلەكانی سەبەتەی خۆراك بەتەواوی مسۆگەركراون و هیچ ئاماژەیەك نییە بۆ هیچ كەموكورتییەك لەو كەلوپەلانەی بۆ هاووڵاتیان تەرخانكراون.