بەغداد – INA
ئەمڕۆ هەینی ،وەزارەتی بازرگانی ڕایگەیاند کە پلانێکیان هەیە بۆ کۆگاکردنی بڕێکی زۆر لە گەنم کە بۆ ماوەی دوو ساڵ بەشی وڵات بکات، هەروەها جەختی کردەوە کە هیچ کەمییەک لە ماددە خۆراکییەکاندا نییە و بەشەخۆراکی چوار مانگی داهاتووش دابین کراوە.
"ستار جابری"بریکاری وەزارەتی بازرگانی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: هەرچەندە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کاریگەری نەرێنییان لەسەر نرخ و دابینکردنی خۆراک هەبووە، بەڵام حکومەت هەنگاوی باشی ناوە و بڕێکی زۆر خۆراکی وەک یەدەگی ستراتیژی کۆکردووەتەوە.
راشیگەیاند : ئێستا نزیکەی 3 ملیۆن و نیو تۆن گەنم لە کۆگاکاندایە کە بۆ یەک ساڵ بەشی وڵات دەکات و لە چەند ڕۆژی داهاتووشدا وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ لە جوتیاران دەستپێدەکات و پێشبینی دەکرێت 4 ملیۆن تۆنی تری بۆ زیاد بێت، بەمجۆرە گەنم بۆ ماوەی دوو ساڵ بەشی عێراق دەکات.
لەبارەی بەشەخۆراکی مانگانەوە "جابری " وتی : سەرجەم ماددەکانی سەبەتەی خۆراک و بەشەخۆراکی مانگانە بۆ چوار مانگی داهاتوو لە کۆگاکانی وەزارەتدا ئامادەن.
وتیشی : لە سەرەتای ئەمساڵەوە وەزارەت دوو ژەمە بەشەخۆراکی دابەشکردووە و پرۆسەی دابەشکردنەکەش بەبێ وەستان بەردەوامە.
