بەدواداچوون - INA

ئەمڕۆ هەینی،سەرچاوە حکومییەکانی پاکستان، ڕایانگەیاند کە چاوەڕوان دەکرێت "عەباس عێراقچی"وەزیری دەرەوەی ئێران، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی بگاتە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان.

سەرچاوە پاکستانییەکان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتیان: ئەگەرێکی زۆر هەیە "عەباس عێراقچی"وەزیری دەرەوەی ئێران ئێوارەی هەینی بگاتە ئیسلام ئاباد، چاوەڕوان دەکرێت لەوێ گفتوگۆ دەربارەی ئەنجامدانی گەڕی دووەمی وتووێژەکانی ئاشتی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران بکرێت، ئەمەش دوای پەیوەندییەکی چڕوپڕ لەگەڵ تیمی نێوەندگیری پاکستان.

ئاماژەیان بەوەشکردووە: تیمی لۆجیستی و ئەمنیی ئەمریکی پێشوەختە لە پایتەختی پاکستان ئامادەن بۆ پشتگیریکردن لە پڕۆسەی دیالۆگی چاوەڕوانکراو، ئەم پێشکەوتنەش ئاماژەیە بۆ بەردەوامی ڕۆڵی ئیسلام ئاباد وەک نێوەندگیر لە هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران.

پێشتر وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای مەدەنی و سەربازی پاکستان ئەنجامدابوو، لە نێوانیاندا "ئیسحاق دار" جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە، هەروەها

" جەنەڕاڵ عاسم مونیر" فەرماندەی سوپا، ئەمەش لە کاتی گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکەدا.