بەغداد - INA

ئەمڕۆ چوارشەممە، نزار ئامێدی سەرۆک کۆمار و پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی نەهجی نیشتمانی لە ئەنجومەنی نوێنەران، جەختیان لەسەر یەکلاکردنەوەی شایستە دەستوورییەکان کردەوە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی فراکسیۆنی نەهجی نیشتمانی لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "ئەندامانی فراکسیۆنی نەهجی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتار حەسەن ئەسەدی، چاویان کەوت بە سەرۆک کۆمار نزار ئامێدی، بە ئامادەبوونی خالید شوانی وەزیری داد، و هەرێم کەمال سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ژمارەیەک لە ئەندامانی فراکسیۆنەکە".

بەگوێرەی بەیاننامەکە، سەرۆک و ئەندامانی فراکسیۆنی نەهجی نیشتمانی "پیرۆزباییەکانی خۆیان بۆ ئامێدی نوێکردەوە بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار"، و جەختیان کردەوە لەسەر "گرنگی پشتگیریکردنی هاوسەنگی نێوان دەسەڵاتەکان و بەهێزکردنی ڕێڕەوە دیموکراسییەکان، بەشێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە چەسپاندنی سەقامگیری لەسەر ئاستە جیاوازەکان".

بەیاننامەكە ئاشكراشیكرد: "لە دیدارەکەدا گفتوگۆ کرا دەربارەی دیارترین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی عێراق، و پێویستی هەماهەنگی نێوان هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن؛ بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی تەبایی و تەواوکاری ڕۆڵەکان لە دەرکردنی یاساکان و کاراکردنی ئەرکە چاودێرییەکان".

هەروەها ئاماژە بەوە کرا کە "هەوڵێکی بێوچان هەیە بۆ یەکلاکردنەوەی شایستە دەستوورییەکان، بەو ئاراستەیەی ببێتە هۆی پێکهێنانی حکومەتێکی بەتوانا بۆ تێپەڕاندنی کۆسپە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، تا دەگاتە بەدیهێنانی سەقامگیری و بەرزکردنەوەی ئاستی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزارییەکان، بە جۆرێک کە وەڵامدەرەوەی خواستەکانی هاووڵاتیان بێت".