بەغداد – INA
وەزیری ناوخۆ عەبدولئەمیر شمەری، ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕاسپاردەی دا کە تەواوی پێداویستییەکانی فەرماندەیی پۆلیسی بەسرە دابین بکرێت.
لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی ناوخۆدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی نێرداوە، هاتووە: "وەزیری ناوخۆ عەبدولئەمیر شمەری، سەرۆکایەتی کۆنگرەیەکی کرد لە بارەگای فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای بەسرە، بە مەبەستی ئاگاداربوون لە دۆخی ئەمنی و بەهێزکردنی چوارچێوەکانی هەماهەنگی کۆمەڵایەتی لە پارێزگاکەدا، ئەمەش بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە فەرماندە ئەمنییەکان و ئەفسەران. لە میانی کۆنگرەکەدا، کۆی بارودۆخی ئەمنی پارێزگاکە گەنگەشە کرا، بە جەختکردنەوە لەسەر دۆسیەی ئەمنی ناوچەیی."
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: "وەزیر کۆمەڵێک ڕاسپاردەی دەرکرد، لەوانە دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی فەرماندەیی پۆلیس لە سیستەمە پێشکەوتووەکانی پەیوەندیکردن، هەروەها جەختیشی کردەوە لەسەر چڕکردنەوەی خولەكانی ڕاهێنان بۆ بەرزکردنەوەی توانای کارمەندە ئەمنییەکان، و ئامادەیی تەواو بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامی ئەو سەقامگیرییەی پارێزگاکە بەخۆوەی دەبینێت."
لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا هاتووە: "لە هەمان چوارچێوەدا، وەزیر لە بارەگای فەرماندەیی چاوی کەوت بە کۆمەڵێکی زۆر لە کەسایەتی و شێخانی هۆزەکانی پارێزگای بەسرە، و ستایشی ڕۆڵە مێژوویی و نیشتمانییەکەیانی کرد."
بەگوێرەی بەیاننامەکە، وەزیر ئاماژەی بەوە کردووە: "هۆزە ڕەسەنەکانی عێراق کۆڵەکەی سەرەکی سەقامگیری ئەمنین، و ئەو ڕۆڵەی دەیگێڕن لە پشتگیریکردنی دەزگا ئەمنییەکاندا، هۆکارێکی بنەڕەتییە بۆ چەسپاندنی یاسا و پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی."
