بەغداد - INA

عەبدولحسێن موسەوی سەرۆکی هاوپەیمانیی نەهجی وەتەنی و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕەوتی گفتوگۆ سیاسییە بەردەوامەکانیان بۆ تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان تاووتوێ کرد.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیی نەهجی وەتەنی، لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "عەبدولحسێن موسەوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەهجی وەتەنی، پێشوازی لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کرد، کە خالید شوانی، وەزیری داد هاوڕێیەتی دەکرد."

بەیاننامەکە راشیگەیاند: "هەردوولا باسیان لە ڕەوتی گفتوگۆ سیاسییە بەردەوامەکان کرد بۆ تەواوکردنی پایەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و پێکهێنانی کابینەی وزاری، و جەختیان کردەوە لەسەر گرنگیی یەکلاکردنەوەی بڕیارەکان لە چوارچێوەی کاتە دەستوورییەکاندا."

بەپێی بەیاننامەکە، مووسەوی جەختیكردەوە لەسەر "هەوڵی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ بەجێگەیاندنی شایستەی پێکهاتەی گەورە لە زووترین کاتدا"،و ئاماژەی بەوەشدا: کە "تەباییەکی تەواو هەیە لەسەر پێویستیی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز کە توانای تێپەڕاندنی وێستگە ناوخۆییەکان و تەحەددییە دەرەکییەکانی هەبێت."

بەیاننامەکە لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەشکردووە: "هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونی گفتوگۆکان لە نێوان هێزە نیشتمانییەکان و بەهێزکردنی یەکڕیزی و چەسپاندنی پایەکانی سەقامگیریی سیاسی"، هەروەها ئاماژەیان بە "گرنگیی وەرگێڕانی بەڵێنەکانی هەڵبژاردن و بەدیهێنانی خواستەکانی هەموو عێراقییەکان" کرد.