بەغداد - INA

وەزارەتی پەروەردە، ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕایگەیاند: هیچ ئیمتیازێکی زیادە نییە بۆ ئەو خوێندکارانەی لە قوتابخانەکانی پێشەنگ و ئامادەییەکانی کۆلێژی بەغداد بە زمانی ئینگلیزی دەخوێنن.

وەزارەت لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "هیچ ئیمتیازێکی زیادە لە دەرەوەی ڕێکار و یاسا پەسەندکراوەکان نییە بۆ قوتابخانەکانی پێشەنگ و ئامادەییەکانی کۆلێژی بەغداد كە بە زمانی ئینگلیزی دەخوێندن، ئەمەش بە مەبەستی زامنکردنی دادپەروەری لە دەرفەتەکان و جێگیرکردنی ڕێڕەوی خوێندنی قوتابیان."

هەروەها ئاماژەی بە "تێبینییە مەیدانییەکان" کردووە سەبارەت بەوەی هەندێک لە سەرپەرشتیاران هەڵدەستن بە گواستنەوەی منداڵەکانیان لەم قوتابخانانەوە بۆ قوتابخانەی دیکە، ئەمەش وایکردووە وەزارەت جەخت بکاتەوە لەسەر گرنگی پاراستنی ژینگەیەکی فێربوونی جێگیر، چونکە کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر ئاستی زانستی قوتابیان.

وەزارەت داوای لە سەرپەرشتیاران کرد "پابەند بن بە ڕێنماییە فەرمییە کارپێکراوەکان، بەو شێوەیەی هاوکار بێت لە پاڵپشتیکردنی جێگیریی قوتابیان و زامنکردنی بەردەوامبوونیان لە ڕێڕەوی خوێندندا، بەبێ ئەوەی هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ئاستی زانستییان دروست بێت."