هەمەڕەنگ – INA
توێژینەوەیەکی نوێ نیشانی دەدات کە نیگەرانییەکان لەبارەی پشت بەستنی تووشبووانی شێرپەنجە بە ڕۆبۆتەکانی چات (Chatbots) کە بە ژیریی دەستکرد کار دەکەن بۆ وەرگرتنی ڕاوێژی پزیشکی، ڕوو لە زیادبوونە. ئەمەش دوای ئەوەی دەرکەوتووە کە ئەو سیستمانە ئەگەری هەیە جێگرەوەی نەسەلمێنراو لە ڕووی زانستییەوە بۆ چارەسەری کیمیایی (Chemotherapy) پێشنیار بکەن، کە ئەمەش مەترسی بۆ سەر ژیانی نەخۆشەکان دروست دەکات.
بەپێی ڕۆژنامەی "ئیندیپێندێنت"، توێژەرانی پەیمانگای لۆندکویست بۆ داهێنانی پزیشکی-بایۆلۆجی لە ناوەندی پزیشکی هارپەر سەر بە زانکۆی کالیفۆرنیا لە لۆس ئەنجلۆس، تاقیکردنەوەیان بۆ چەندین ڕۆبۆتی چاتی بەناوبانگ ئەنجامداوە، وەک: (ChatGPT، Grok، Gemini، Meta AI و DeepSeek).
ئەنجامەکان نیشانی دەدەن کە نزیکەی نیوەی ئەو وەڵامانەی پەیوەندییان بە چارەسەری شێرپەنجەوە هەبووە، دوای پێداچوونەوە لەلایەن کەسانی پسپۆڕەوە، وەک وەڵامی "کێشەدار" هەژمار کراون. توێژینەوەکە دەریخستووە کە ٣٠٪ی وەڵامەکان کێشەی جزئییان هەبووە، لە کاتێکدا ١٩.٦٪یان وەک "زۆر کێشەدار" پۆلێن کراون، بەهۆی ئەوەی زانیاری نادروست یان ناتەواویان تێدا بووە کە ڕێگە بۆ لێک تێگەیشتنی هەڵە خۆش دەکەن.
نیکۆلاس تیلەر، سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە ڕایگەیاندووە کە تیمەکەیان ئەم سیستمانەیان خستووەتە ژێر "تاقیکردنەوەی چڕ"، بە جۆرێک پرسیاری هەستیار و ئەو بابەتانەیان ئاراستە کردوون کە زانیاریی چەواشەکارانەیان تێدا بڵاوە، ئەوەش بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی توانای سیستمەکان لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو جۆرە ناوەڕۆکانەدا.
کاتێک لە سیستمەکان دەربارەی هەبوونی جێگرەوەیەک کە لە چارەسەری کیمیایی کاریگەرتر بێت پرسیار کراوە، سیستمەکان دەستیان کردووە بە پێدانی هۆشداریی دروست دەربارەی بێبڕوایی ئەو جێگرەوانە، بەڵام لە هەمان کاتدا بەردەوام بوون لە خستنەڕووی بژاردەی وەک (دەرزی ئاژنین، چارەسەری گژوگیایی و سیستەمی خۆراکی دژە شێرپەنجە) وەک بژاردەی ئەگەری، سەرەڕای نەبوونی بەڵگەی زانستی بەهێز لەسەر کاریگەرییان. تەنانەت هەندێک لە ڕۆبۆتەکان گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی ناوی ئەو کلینیکانە بهێنن کە پەرە بە چارەسەری جێگرەوە دەدەن و چارەسەری کیمیایی ڕەت دەکەنەوە.
توێژینەوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە زۆربەی مۆدێلەکان ئاستیان لە یەکتر نزیک بووە، تەنها "Grok" نەبێت کە نزمترین ئاستی هەبووە. توێژەران هۆشدارییان داوە کە بەردەوامبوونی بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆجیایانە بەبێ چاودێری و ڕێسا، دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی زانیاریی پزیشکیی چەواشەکارانە.

