هەمەڕەنگ – INA
نیقولای جیلیزنۆف، گەورە توێژەر لە پەیمانگای فەلەکناسیی کارەکی سەر بە ئەکادیمیای زانستی ڕووسیا، بوونی هەر کلیلکەئەستێرەیەک (Asteroids) کە لە ئێستادا هەڕەشە بۆ سەر زەوی دروست بکات ڕەتکردەوە، بەڵام ئاماژەی بە ئەگەری دەرکەوتنیان لە داهاتوودا کرد.
ناوبراو ڕایگەیاند: "لە ئێستادا هیچ تەنێک نییە کە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ سەر زەوی دروست بکات، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە دەتوانین بە تەواوی دڵنیا بین؛ چونکە تەمەنی ئەم تەنانە لە ڕاستیدا لە 10 ملیۆن ساڵ تێپەڕ ناکات، لەم ماوەیەشدا یان خۆیان بە هەسارەکەمان یان بە خۆردا دەدەن، یاخود کۆمەڵەی خۆر جێدەهێڵن. بۆیە چاودێریی بەردەوام پێویستە، چونکە ڕەنگە تەنێک دەربکەوێت کە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بێت بۆ سەر زەوی."
جیلیزنۆف داوای کرد هەڵسەنگاندنێکی بابەتییانە بۆ ئەگەری پێکدادانی کلیلکەئەستێرەیەک بە زەوی بکرێت و وتی: "ئێمە دڵنیاین کە ئەوە ڕوودەدات، ڕەنگە لە ماوەی دە ساڵدا بێت یان پاش دە هەزار ساڵ، نازانین کەی بە وردی، بەڵام زوو بێت یان درەنگ هەر ڕوودەدات."
ئەو گەردوونناسە ئاماژەی بەوەش کرد کە چەندین ڕێگا پەرەیان پێدراوە بۆ دوورکەوتنەوە لە مەترسیی پێکدادانی کارەساتبار. ڕاشیگەیاند: "ئەگەر تەنێک لەسەر ڕێڕەوی پێکدادان لەگەڵ زەوی بینرا، کاراترین ڕێگا بۆ ڕێگریکردن لێی گۆڕینی ڕێڕەوەکەیەتی. لەم بوارەشدا تاقیکردنەوەی کردەیی ئەنجامدراوە؛ بۆ نموونە لە ساڵی 2022دا، زانایان توانییان ڕێڕەوی کلیلکەئەستێرەی (دیمۆرفا) بگۆڕن لە ڕێگەی کێشانی کەشتییەکی ئاسمانی پێیدا."
سەرچاوە: ئاژانسەکان

