بەغدا – INA

ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنجومەنی نوێنەران، کۆبوونەوەکەی بۆ ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو دواخست.

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران لە ڕاگەیەندراوێکدا، کە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، ئاماژەی بەوەکرد: "ئەنجومەنی نوێنەران کۆبوونەوەکەی بۆ ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو دواخست".

پێشتر لەمڕۆدا، ئەنجومەنی نوێنەران کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بە سەرۆکایەتی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان، عەدنان فەیحان، ئەنجام دا.

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنەکە لە ڕاگەیەندراوێکی دیکەدا ئاماژەی بەوەکرد: "جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، عەدنان فەیحان دلێمی، کارەکانی کۆبوونەوەی ژمارە (19)ی خولی شەشەمی هەڵبژاردن، ساڵی یەکەمی یاسادانان، وەرزی یەکەمی یاسادانانی کردەوە"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "ژمارەی ئامادەبووان گەیشتووەتە 183 پەرلەمانتار".

لە ڕاگەیەندراوێکی دووەمدا فەرمانگەکە ڕایگەیاند: "ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پێشنیازی یاسای ئەنجومەنی نیشتمانیی ئاو کۆتایی پێهێنا، هاوکات دەنگی دا لەسەر بڕیارێکی پەرلەمانی بۆ پابەندکردنی حکومەت بە گەڕانەوە بۆ ئەو ڕێکارانەی لە وەرزی ڕابردوودا پەیڕەو دەکران سەبارەت بە بەرهەمی گەنم".

ئاماژەی بەوەشکرد کە "ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پێشنیازی یاسای ناوبژیوانی (التحكيم) کۆتایی پێهێنا".