بەغدا – INA – ئامنە سەلامی
ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی، جەختی کردەوە کە تەکنیکە نوێیەکانی ڕێدۆزی (Navigation)، کاتی گەیشتنیان کەمکردووەتەوە و پارێزگارییان لە دارایی کردووە، هاوكات ئاماژەی بەوەکرد کە مەوداکان بە کیلۆمەتر ناپێورێن، بەڵکو بە لێدانی ئەو دڵانە دەپێورێن کە ڕەنگە بەهۆی چرکەیەک دواکەوتنەوە بوەستن.
بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەریی بەرگری شارستانی، نەواس سەباح شاکر، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "چرکە لە فەرهەنگی بەرگری شارستانیدا یان ژیانە یان خۆڵەمێش، لە جیهانی ئاگرکوژێنەوەدا مەوداکان بە کیلۆمەتر ناپێورێن، بەڵکو بەو لێدانی دڵانە دەپێورێن کە ڕەنگە بەهۆی چرکەیەک دواکەوتنەوە بوەستن".
ئاماژەی بەوەشکرد کە "لەگەڵ هەر لێدانێکی زەنگی ئاگادارکردنەوەدا، پیاوانی بەرگری شارستانی ئامادەباشی خۆیان بۆ ئەنجامدانی جەنگێکی سەخت ڕادەگەیەنن، کە لایەنەکانی بریتین لە ئیرادەی ڕزگارکردن و کۆسپەکانی واقیع، لەوێدا کات نەیاری یەکەمە و هەر خولەکێکی بەفیڕۆچوو ڕەنگە ببێتە هۆکاری بڕیاردەر لە ڕزگارکردنی ژیانی مرۆڤێکدا".
شاکر ڕوونیکردەوە کە "دەبێت هۆشیاریی هاتووچۆ لای هاووڵاتییان لەوەی هەیە بەرزتر بێت؛ بە مەبەستی چۆڵکردنی ڕێگا بۆ ئۆتۆمبێلەکانی ئاگرکوژێنەوە و دروستنەکردنی ئاستەنگ لە ڕێڕەوەکانیاندا بۆ وەڵامدانەوەی هاواری هاووڵاتییان"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "هەندێک حاڵەتی ڕزگارکردن چەندین سەختییان تێدەکەوێت وەک وەستاندنی هەڕەمەکیی ئۆتۆمبێل لە کۆڵانە تەسکەکاندا و هەندێک لە وایەرەکانی موەلیدەی کارەبا کە دەبنە بەربەست لەبەردەم تێپەڕبوونی ئۆتۆمبێلەکانی ئاگرکوژێنەوە و ڕەنگە مەترسی کارەباگرتنی کوشندە بۆ کارمەندەکان دروست بکەن".
ئاماژەی بەوەشکرد کە "داوا لە هاووڵاتییانیش دەکەین لە ناوچە نزیکەکانی ئاگرکەوتنەوە کۆنەبنەوە، چونکە ئەوە دەبێتە ڕێگر لەبەردەم جووڵەی ڕزگارکەران و سەرنجیان بڵاوە پێدەکات، جگە لەو مەترسییەی کە لە ئەنجامی هەڵمژینی گازە ژەهراوییەکان یان تەقینەوەی لەناکاوی وەک بوتڵی گاز هەڕەشەیان لێدەکات".
باسی لەوەشکرد کە "لە بازدانێکی جۆری بەرەو مۆدێرنە، بەڕێوەبەرایەتییەکە سیستمە دیجیتاڵییە پێشکەوتووەکانی بەکارهێناوە، بەجۆرێک ئۆتۆمبێلەکانی بە تەکنیکی ڕێدۆزی زیرەک تەیار کردووە کە خێراترین ڕێڕەو هەڵدەبژێرێت و بەسەر قەرەباڵغییەکاندا زاڵ دەبێت هەر لەگەڵ وەرگرتنی هەواڵ لە ڕێگەی ژمارەی یەکگرتووی (911)ەوە"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "ئەم شۆڕشە تەکنەلۆژییە لێهاتوویی خۆی لە مەیداندا سەلماندووە، تەحەدییەکانی گۆڕیوە بۆ سەرکەوتنی بەرجەستە کە بەشداربوون لە کەمکردنەوەی کاتی گەیشتن و پاراستنی ژیان و دارایی".

