بەغداد – INA

سەرۆکی شاندی عێراق لە کۆبوونەوەکانی یەکێتیی پەرلەمانانی نێودەوڵەتی، پەرلەمانتار ئەرشەد ساڵحی، ئەمڕۆ هەینی تەئکیدیکردەوە: بەدیهێنانی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێویستییەکی مرۆیی و ئەخلاقییە، هاوکات داوای کرد لە قۆناغی سەرکۆنەکردنەوە بەرەو کارکردنی جددی بۆ ڕاگرتنی شەڕەکان هەنگاو بنرێت.

لە میانەی کۆبوونەوەکانی یەکێتیی پەرلەمانانی نێودەوڵەتی کە لە ئەستەنبوڵ بەڕێوەچوو، ساڵحی لە وتارێکدا كە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: "عێراق پابەندبوونی خۆی بە گرنگیی چەسپاندنی ئاشتی، دادپەروەری و سەروەریی یاسا نوێ دەکاتەوە،" ئاماژەی بەوەشکرد: "داڕشتنی بنەماکانی ئاشتییەکی ڕەسەن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشدار دەبێت لە بەهێزکردنی گەشەپێدان و سەقامگیریدا."

هەروەها روونیكردەوە: "ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها خواستێکی سیاسی نییە، بەڵکو پێویستییەکی مرۆییە لە ژێر سێبەری ئەو نەهامەتییانەی گەلان بەدەست وێڵاشەکانی شەڕەوە دەیچێژن،" ئاماژەی بەوەشدا: "بەدیهێنانی ئاشتی پێویستی بە ئیرادەیەکی ڕاستگۆیانەیە کە لەسەر بنەمای دیالۆگی بونیادنەر، داننان بە مافە ڕەواکان و وەلانانی توندوتیژی و توندڕەوی بێت."

ساڵحی ئاشكرایكرد: "ناوچەکە هێشتا ڕووبەڕووی تەحەدیی گەورە دەبێتەوە بەهۆی بەردەوامیی ململانێکان، کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەیان هەبووە لەسەر ئاسایش، سەقامگیری و ئابووری جیهانی، بەتایبەتی ناجێگیریی نرخەکانی وزە،" جەختیشی کردەوە کە "هەڵوێستەکانی وەک سەرکۆنەکردن و ئیدانەکردن چیتر بەس نین، ئەمە پێویستی بە جوڵەیەکی کردەیی هەیە بۆ ڕاگرتنی شەڕەکان."

ئاماژەی بەوەشکرد: "عێراق بەدەست شەڕ، ململانێ و گەمارۆوە ناڵاندوویەتی، و تێدەگات کە گەلان ئەوانەن گەورەترین باج دەدەن،" و وتیشی: "عێراق جەنگێکی چارەنووسسازی دژی ڕێکخراوی داعش ئەنجامدا و توانی بە قوربانییەکی زۆر لەناوی ببات، کە تێیدا هەزاران شەهیدی بەخشی."

باسی لەوەشکرد: "جیهان ئەمڕۆ شایەتی پێشێلکاری مەترسیداری یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکانە، بەتایبەت ئەوەی لە کەرتی غەززە و لوبنان ڕوودەدات لە سایەی خراپتربوونی بارودۆخی مرۆیی،" داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە "بەرپرسیارێتییەکانی هەڵبگرێت و پابەند بێت بەو بەهایانەی کە سیستەمی نێودەوڵەتی لەسەر دامەزراوە."

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "بەردەوامیی ململانێکان بێ چارەسەری ڕیشەیی هەڕەشەیە بۆ سەر داهاتووی نەوەکانی داهاتوو، کە ڕەنگە ڕووبەڕووی جیهانێکی ناسەقامگیر و هەلی سنووردار ببنەوە،" جەختیشی کردەوە لەسەر "پێویستی دەرکردنی یاسای جۆری بۆ پاراستنی منداڵان و پاراستنی مافی نەوەکان، جگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەدییانەی پەیوەستن بە پەرەسەندنی تەکنەلۆژیا، و لە سەرووشیانەوە ژێریی دەستکرد."

ساڵحی لە کۆتاییدا وتی: "عێراق داوا دەکات کارە پەرلەمانییە هاوبەشەکان بەهێزتر بکرێن، بە جۆرێک بەشدار بێت لە بنیادنانی جیهانێکی دادپەروەرتر و سەقامگیرتر، کە تێیدا کەرامەتی مرۆڤ پارێزراو بێت و ڕێز لە مافی گەلان بگیرێت."