بەغداد - INA- ئەمنە سەلامی

وەزارەتی کشتوکاڵ، ئەمڕۆ هەینی، دەستپێکردنی پلانێکی بۆ فراوانکردنی بەرهەمهێنانی تەماتە و دابینکردنی لە ناوخۆدا لە درێژایی ساڵدا پشتڕاستکردەوە، هاوکات ئاماژەی بە بوونی جوڵەیەکی حکومی کرد بۆ ڕاوەدوونانی ئەو کەسانەی یاری بە نرخی تەماتەی هاوردەکراو دەکەن.

بریکاری تەکنیکیی وەزارەتی کشتوکاڵ مەهدی سەهر جبوری، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی، ڕاگەیاند: "لە ئەنجامی کەمیی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ هەردوو بەرهەمی تەماتە و باینجان لە کۆتایی مانگی ئازاری ڕابردوودا و بەرزبوونەوەی نرخەکانیان، بڕیار درا دەرگای هاوردەکردن لە ٢٥ی ئازارەوە بکرێتەوە و تا ئێستاش بەردەوامە، بەڵام کەمیی بەرهەم لە وڵاتانی دراوسێ و بەرزبوونەوەی نرخ تێیاندا، بووەتە هۆی گرانبوونی تەماتەی هاوردە لە ناو عێراقدا."

وتیشی: "قۆرخکارییەک لە لایەن هەندێک لە هاوردەکارانی بەرهەمەکە لە (عەلەوەکانی جوملەدا)دا هەیە، بە جۆرێک بە نرخێکی زیادەڕۆیی دەفرۆشرێن کە زۆر زیاترە لە نرخی ڕاستەقینەی هاوردەکردنیان، ئەمەش پێویستی بە ڕێکاری ئەمنیی توند هەیە لە لایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ئاسایشی ئابووری لە وەزارەتی ناوخۆ بۆ چاودێریکردنی قۆرخکاران، بەتایبەتی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا."

جبوری ڕوونیکردەوە: "کۆتایی ئەم مانگی نیسانە، شاهیدی دەستپێکردنی ڕژانی بەرهەمی ناوخۆیی دەبێت لە پارێزگاکانی نەجەف و کەربەلاوە، دواتر بەرهەمی هەموو پارێزگاکانی تری بەدوادادێت کە تێیاندا بەرهەمێکی زۆر دابین دەبێت،" ئاماژەی بەوەشکرد: "پێشبینی دەکرێت نرخەکان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزن، تا دەگاتە قۆناغی هەناردەکردن وەک ئەوەی لە ساڵی ڕابردوودا ڕوویدا."

ئەوەشی خستەڕوو: "لوتکەی بەرهەمهێنان لە مانگی پێنجەوە دەست پێدەکات و لە مانگی شوباتدا کۆتایی دێت، ئەمەش ماوەیەکی زۆر درێژە، تەنها بۆشاییەکی بەرهەمهێنان هەیە کە ٣٠ ڕۆژ دەخایەنێت و دەکەوێتە دوای کۆتایی وەرزی پایزە و کشتوکاڵی خانووە پلاستیکییەکان، ئەوەش ئەو ماوەیەیە کە پەنا بۆ کردنەوەی دەرگای هاوردەکردن دەبەین."

جبوری دەڵێت: "وەزارەت سەرکەوتوو بووە لە فراوانکردنی بەرهەمهێنانی پەتاتە لە هەموو پارێزگاکاندا بۆ ئەوەی لە درێژایی ساڵدا و بە نرخێکی جێگیر بەردەست بێت لەگەڵ بەردەوامیی هەناردەکردن، ئەمەش ئەو سیاستەیە کە بەسەر بەرهەمی تەماتەدا جێبەجێی دەکەین لە ڕێگەی فراوانکردنی کشتوکاڵی خانووە پلاستیکییەکان بۆ کەمکردنەوەی ئەو بۆشاییە بەرهەمهێنانەی کە پێشتر تەنها پشتی بە کشتوکاڵی هاوینە دەبەست."

هەروەها جەختیکردەوە: "بنەمای سەرەکیی وەزارەت پشت بەستنە بە بەرهەمی ناوخۆیی و قەدەغەکردنی هاوردەیە، تەنها لە حاڵەتی کەمیی کاتیدا نەبێت دەرگای هاوردە ناکرێتەوە."

لە کۆتاییدا ڕایگەیاند: "وەزارەت کار دەکات بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگییەک کە جێگیریی نرخ بۆ کڕیار دەستەبەر بکات، و لە هەمان کاتدا جوتیار بپارێزێت لە دابەزینی نرخ بۆ کەمتر لە تێچووی بەرهەمهێنان لە ڕێگەی کردنەوەی دەرگای هەناردەکردن بۆ دەرەوە،" و وتیشی: "هەماهەنگی بەردەوام لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکان هەیە بۆ ڕێگری لە قۆرخکردنی ئەو بەرهەمانەی کە زوو تێکدەچن و بەرگەی کۆگاکردنی درێژخایەن ناگرن."