موستەفا هێجری، سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی ئورووپا سەبارەت بە ئێران لە لیدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا وت "من وای دەبینم کە کۆماری ئیسلامی ئێران لەمە بەدواوە بەرەو ڕووخان دەچێت و چیدیکە ناتوانێت خۆی بگرێتەوە."
وتیشی "خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک هەمیشە لە لە رێژێمی ئێران بێزارن و بە پەلەن بۆ ڕووخانی ئەو رژێمە و من پێم وایە ئاواتەکانیان بە دی دێت، بەڵام نابێت پەلە بکەین، چوونکە کۆماری ئیسلامی بەشی ئەوندەی ماوە کە بتوانێت سەرکوت بکات."
سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران هەروەها لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی ڕووداو، ڕایگەیاند هێزە سیاسییە هاوپەیمانەکان بە ویستی خۆیان بڕیاریانداوە بەشداری لە ململانێی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران نەکەن.
مستەفا هێجری لەو چاوپێکەوتنەکەدا جەختی لەوە کردەوە کە خەباتی حزبە کوردییەکان لە دژی کۆماری ئیسلامی مێژووییەکی دوورودرێژی هەیە و سەربەخۆیە و لەسەر بنەمای ئامانجەکانی خۆیان بەرێوەدەچێت نەک بە پێی بەرنامەی دەرەکی.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا هەرێمی کوردستان گوشاری خستووەتە سەر حزبە کوردییەکان بۆ ئەوەی بەشداری شەڕ نەکەن، موستەفا هێجری وتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەم ڕووەوە گفتوگۆمان نەکردووە و بە بڕیاری خۆمان بەشداری شەڕمان نەکردووە.
هێجری ئاماژەی بەوە کرد نە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و نە هیچ کام لە ئەندامانی ئەو هاوپەیمانییەی کە لەم دواییانەدا پێکهێنراوە، چەکیان لە ئەمەریکا وەرنەگرتووە.
هەروەها پەیوەندی و پێشنیاری دانوستان لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەگەڵ حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران کە لە هاوپەیمانییەکەدان، ڕەتکردەوە.
سەبارەت بە دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئیران، هێجری وتی "ئەو دانوستانانە ئەگەر ئەنجامیشی هەبێت و بگەنە ڕێککەوتن، هێشتا ئارامی و ئاشتی بۆ ناوچەکە بەدی ناهێنێت، چوونکە سروشتی کۆماری ئیسلامی تەواو جیاوازە و هەرجۆرە بیرکردنەوەیەکی دیکەی ناتەبا لەگەڵ خۆی نەوەک قبوڵ ناکات، بەڵکو دژایەتیشی دەکات."
هاوکات عەبدوڵا موهتەدی، سکرتێری گشتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانیش وەک یەکێکی دیکە لە بەشداربوانی ئەو کۆبوونەوەیە بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند "دەستکەوتێکی ئەم دۆخە بۆ ئێمە ئەوە هاوپەیمانییە بوو کە بە بەشداری هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران دروست بووە کە ئەنجامی یەک ساڵ پلان و ڕاوێژکاری لایەنەکان بوو."
سکرتێری گشتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران وتیشی "ئەگەر ئێمە یەکگرتوو بین، دەنگمان باشتر لە تاران و لە جیهانیش دەچێت."
موهتەدی وتی "دەتوانین هەروەها بەشدارییەکی چالاکانە بکەین لە دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی یەکگرتوو و دیموکرات کە تێیدا مافی کەمینەکان و کوردیش بچەسپێت."
عەبدوڵا موهتەدی هەروەها لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی ئورووپا سەبارەت بە ئێران کە ئێوارەی چوارشەممە لە برۆکسل بەڕێوەچوو، جەختی لەسەر پێویستی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە پێکهاتەی سیاسی ئێران کردەوە.
وتی "پێویستمان بە دەستورێکی نوێ هەیە کە ڕێز لە دابەشکردنی دەسەڵات و پەیوەندییەکانی و هاوڵاتیبوونی هەموو مرۆڤەکان بگرێت."
موهتەدی هەروەها ئاماژەی بە دیدگای خوازراوی خۆی بۆ داهاتووی ئێران کرد و وتی "ئێمە لە پێناو ئێرانێکی دێموکراتیک و ئازاددا تێدەکۆشین، ئێرانێکی فرە ڕەنگ کە هیچ گرووپێکی نەتەوەیی یان بزووتنەوەیەکی سیاسی بەسەر ئەوانی دیکەدا زاڵ نەبێت و هیچ دیکتاتۆرییەکی نوێ دروست نەبێت."
سکرتێری گشتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە درێژەی قسەکانیدا وتی "ئێرانێک کە ڕێز لە مافی کورد و نەتەوەکانی دیکە بگرێت، دەتوانێت هاوبەش و یاوەرێکی باش بێت بۆ جیهان."


