بەغدا- INA- محەمەد تالبی

دەستەی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، پێشبینی کرد کە وڵات بکەوێتە ژێر کاریگەریی بارودۆخێکی ناسەقامگیر و گۆڕانکاریی بەهارەی کەشوهەوا کە لە شەممەی داهاتووەوە دەستپێدەکات، هاوکات نەخشەی ئەو ناوچانەی دیاری کرد کە پێشبینی باران و لافاویان لێ دەکرێت.

عامر جابری، وتەبێژی فەرمی دەستەکە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: ڕاپۆرتی بەشی پێشبینی کەشوهەوا ئاماژە بەوە دەکات کە وڵات دەکەوێتە ژێر کاریگەریی بارودۆخێکی ناسەقامگیری بەهارە، ئەوەش لە ئەنجامی پاڵنانی نزمەپاڵەپەستۆیەکی هەوا لە باکووری ئەفریقاوە کە هاوکاتە لەگەڵ بارستە هەوایەکی سارد لە چینە باڵاکانی بەرگەهەوادا، ئەمەش دۆخی ناسەقامگیرییەکە بەهێزتر دەکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، کاریگەریی ئەم دۆخە لە کاتژمێرە یەکەمەکانی بەیانی ڕۆژی شەممە ١٨ی نیسانەوە دەستپێدەکات و بە شێوەیەکی پلەبەپلە تاوەکو بەیانی و ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢١ی نیسان بەردەوام دەبێت.

ڕوونیشیکردەوە، بارانبارین لە بەشەکانی ڕۆژئاوای وڵاتەوە بە گوڕێکی کەم بۆ مامناوەند دەستپێدەکات، کە هەورەبروسکەی لەگەڵ دەبێت و لە هەندێک کاتدا خوڕ دەبێت، پاشان وردە وردە لە ماوەی ڕۆژدا دەگاتە شارەکانی دیکە و زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەری هەیە بارانی هەورەبروسکە لە هەندێک کاتدا بەهێز بێت و بای توندی لەگەڵ بێت، هەروەها پێشبینی بارینی تەرزە لە هەندێک ناوچەی ناوەڕاست و باکوور دەکرێت لە ماوەی کاریگەریی ئەم شەپۆلەدا.

هۆشداریشی دا لە خوڕی باران لە هەندێک ناوچە، بەتایبەتی شارەکانی ناوەڕاست و باکوور، و ئەگەری دروستبوونی لافاو لە ناوچە شاخاوییەکان و سنوورییەکان، جگە لە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە ناوچە نزمەکاندا.

جابری داوای کرد لە کاتی هاتوچۆکردندا، بەتایبەتی لەسەر ڕێگا دەرەکییەکان لە کاتی بوونی با و تۆفاندا، وریایی و حەزەر بنوێنرێت و ئاگاداری بای توند و بارینی تەرزە بن.

لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە ئەم هۆشدارییانە تەنها بۆ مەبەستی سەلامەتی گشتییە و نەک بۆ ترساندن، داواشی لە هاووڵاتیان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد ڕێکاری پێویست بگرنە بەر