بەغدا - INA- ئامنە سەلامی
دەستەی پاراستنی کۆمەڵایەتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، لە ماوەی تەمەنی حکومەتی ئێستادا زیاتر لە ٩٠٠ هەزار خێزان مووچەی پاراستنی کۆمەڵایەتییان بۆ بڕاوەتەوە، هاوکات جەختی لە تەواوکردنی مامەڵەی یەک ملیۆن پێشکەشکار کردەوە بۆ ئەوەی ببنە سوودمەند لە چاودێری کۆمەڵایەتی.
عەبدولڕەحمان عوەید ئەلمەنسووری، بەڕێوەبەری گشتی پاراستنی کۆمەڵایەتی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: ژمارەی ئەو خێزانانەی ئێستا مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە گەیشتووەتە (٢،٠٤٩،٠٥٤) خێزان، هەروەها ژمارەی ئەو سوودمەندانەی کە لە سیستمەکە دەرچوون (ئەوانەی چیتر پێویستیان بە هاوکاری نییە) نزیکەی (٦٠) هەزار سوودمەندە، ئاماژەی بەوەش کرد کە پلان هەیە بۆ هەماهەنگی لەگەڵ هەردوو وەقفی شیعە و سوننە و وەزارەتی پەروەردە بۆ دەرچوواندنی ژمارەیەکی نوێ لە سوودمەندان لە قۆناغی داهاتوودا.
وتیشی: دەستەی پاراستنی کۆمەڵایەتی زیاتر لە (٩٠٠) هەزار خێزانی لە ماوەی تەمەنی حکومەتی ئێستادا گرتووەتەوە، هەروەها گەڕانی مەیدانی بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن پێشکەشکار ئەنجام دراوە و چاوەڕێی دابینکردنی تەرخانکراوە داراییەکانین بۆ گرتنەوەی ژمارەیەکی نوێ، تیشکی خستە سەر ئەوەش کە لە ئێستادا هیچ زیادکردن یان هەموارکردنەوەیەکی ڕاگەیەندراو بۆ مووچەکان نییە.
ئەلمەنسووری ڕوونی کردەوە کە ژمارەی پێشکەشکاران بۆ پاراستنی کۆمەڵایەتی زیاتر لە دوو ملیۆن کەسە، دەستەکە زیاتر لە (٩٠٠) هەزار خێزانی گرتووەتەوە، و لە ئێستادا مامەڵەی نزیکەی ملیۆنێک خێزان تەواو کراوە و چاوەڕێی گرتنەوەیانن لە چوارچێوەی وەجبەکانی داهاتوودا کاتێک تەرخانکراوە داراییەکان بەردەست دەبن

