بەدواداچوون - INA

یانەی ڕیال مەدرید بڕیاری دوورخستنەوەی ئەلڤارۆ ئەربێلوای ڕاهێنەر یدا، ئەمەش دوای دەرچوونی یانەکە لە قۆناغی هەشتەمی خولی پاڵەوانەکانی ئەوروپا لەسەر دەستی بایرن میونشنی ئەڵمانی.

یانە شاهانەکە دوای دۆڕانی بە ئەنجامی (٦-٤) لە کۆی هەردوو یاری چوون و هاتن، ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە کرد، بەمەش یانە باڤارییەکە لە قۆناغی پێش کۆتاییدا ڕووبەڕووی پاریس سان جێرمانی هەڵگری نازناوەکە دەبێتەوە.

وەک کاردانەوەیەکی خێرا لەلایەن کارگێڕی ڕیال مەدریدەوە، تۆڕی "زە ئەتلەتیک" بڵاویکردەوە کە فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانە شاهانەکە، دەستبەجێ دوای کۆتاییهاتنی یارییەکەی بایرن، بڕیاریداوە لە کۆتایی وەرزدا دەستبەرداری خزمەتەکانی ئەلڤارۆ ئەربێلوا ببێت.

تۆڕەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە یۆرگن کڵۆپی ئەڵمانی لە سەرووی لیستی بەربژێرەکانە بۆ شوێنگرتنەوەی ئەربێلوا، بەڵام ئەوەشی خستووەتەڕوو کە تا ئێستا کارگێڕی یانە شاهانەکە هیچ پەیوەندییەکیان پێوە نەکردووە.

ئەوەشی ڕوونکردەوە کە پێرێز سەرسامییەکی تایبەتی بۆ ماوریسیۆ پۆچێتینۆی ئەرژەنتینی هەیە، کە ڕاهێنەری پێشووی تۆتنهام و پاریس سان جێرمان و ڕاهێنەری ئێستای هەڵبژاردەی ئەمریکایە، ئەمەش وای لێدەکات یەکێک بێت لە بەربژێرە دیارەکان بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە باڵایە.

ئاماژەی بەوەش کرد کە دیدێ دیشامپ، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا، یەکێکی دیکەیە لە بەربژێرەکان بۆ مەشقپێدانی "مێرێنگی"، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی ڕاگەیاندنی جێهێشتنی هەڵبژاردەی "کەڵەشێرەکان" دوای پاڵەوانێتی مۆندیالی هاوینی داهاتوو.

هەروەها تیشکی خستە سەر ئەو ڕێز و پێزانینەی پێرێز بۆ زەینەدین زیدانی فەرەنسی هەیەتی، بەڵام زیدانی لە لیستی بەربژێرەکان دوورخستووەتەوە، چونکە ناوبراو بەربژێری سەرەکییە بۆ شوێنگرتنەوەی دیشامپ لە مەشقی هەڵبژاردەی فەرەنسادا