هەولێر - INA - ئیڤان ناسر
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، چاندنی زیاتر لە سێ ملیۆن دۆنم لە بەرهەمی گەنمی بۆ وەرزی کشتوکاڵیی ئەمساڵ ڕاگەیاند.
ڕزگار محەمەد ڕاوێژکاری وەزارەت و ئەندامی لیژنەی باڵای وەرگرتنی گەنم، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی ئامادەیبوو، ڕایگەیاند: "وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بۆ ئەندامانی لیژنەی هەماهەنگی و تەکنیکی وەزارەت ساز دەکات، کە ڕاسپێردراون بۆ تاوتوێکردن و دیاریکردن و وەرگرتن و بەبازاڕکردنی ئەو بەشە گەنمەی شایستەی جوتیارانی هەرێمە."
وتیشی: "بەهۆی زۆریی بارانبارینی ئەمساڵ، بەرهەمی گەنم لە پارێزگاکانی هەرێم زۆر دەبێت، کە لەلایەن وەزارەتەوە بە زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن خەمڵێنراوە، بەو پێیەی ئەمساڵ لەسەر ڕووبەری ٣ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دۆنم گەنم چێنراوە." ئاماژەی بەوەشکرد: "هەرێم ئامادەیە بۆ وەرگرتن و کۆگاکردنی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ؛ چونکە توانای کۆگاکردنی زیاتر لە ملیۆنێک تۆن گەنمی هەیە لە سایلۆ و کۆگاکانی هەرێمدا."
ڕوونیشیکردەوە: "دەبێت وەک سەبەتەیەکی خۆراکی گرنگ لە ناوچەکەدا سەیری کوردستان بکرێت، بەتایبەت لە سایەی ئەو بارودۆخەی ناوچەکە پێیدا تێپەڕ دەبێت کە پێویستی بە دابینکردنی ئاسایشی خۆراک هەیە، بۆیە پرۆسەی وەرگرتن و کۆگاکردنی ئەو بڕە گەنمە لە کۆگاکانی وەزارەتدا گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی خۆراک."
ئاماژەی بەوەشکرد: "لیژنەی باڵای وەرگرتنی گەنم لە وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵی، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی ئاگادار کردووەتەوە کە بەگوێرەی پلانی ئەمساڵ بڕیاریان داوە بڕی ٣ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار تۆن گەنم لە پارێزگاکانی عێراق بە نرخی ٧٠٠ هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەربگرن، ئەو بڕە گەنمەشی لە پارێزگاکانی هەرێم وەردەگیرێت بەشێک دەبێت لەوە و بە ٢٩٢ هەزار تۆن دیاری کراوە."
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ئەو ڕێژەیەی بۆ هەرێم دیاری کراوە زۆر کەمە و پشت بە هیچ پێوەرێکی زانستی یان ڕێژەی دانیشتووان یان پشکی هەرێم لە بودجە نابەستێت بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو." ئاماژەی بەوەشدا: "دەبوو ڕێژەی هەرێم لانی کەم بە زیاتر لە ٤٠٠ هەزار تۆن دیاری بکرایە، ئێمەش ئەم ڕێژەیەمان ڕەتکردووەتەوە و واژۆمان لەسەر کۆنووسی کۆبوونەوەکە نەکردووە، هەروەها نووسراوی فەرمی لەلایەن وەزارەتمانەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی لەو بارەیەوە دەنێردرێت."
ئەوەشی خستەڕوو: "وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم چەندین پلانی هەیە بۆ سوودوەرگرتن لە بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ، لەوانە پاڵپشتیکردنی گۆڕینی ئەم بەرهەمە بۆ ئارد و هەناردەکردنی بە هاوکاری کەرتی تایبەت."



