بەغداد - INA
هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، ئەمڕۆ چوارشەممە، جەختی لە گرنگی ئەوە کردەوە کە ڕێڕەوی پێکهێنانی حکومەت وەڵامدەرەوەی خواستەکانی عێراقییەکان بێت، و پاڵپشتی هێزە سیاسییەکان و لە سەرووشیانەوە چوارچێوەی هەماهەنگی بەدەستبهێنێت، و بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق بخاتە پێش هەموو شتێکەوە.
هاوپەیمانییەکە لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "دەستەی سەرکردایەتی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کۆبوونەوەی خولیی خۆی بە سەرۆکایەتی ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانییەکە محەمەد شیاع سودانی ئەنجامدا، تێیدا دوایین پێشهاتەکانی بارودۆخی گۆڕەپانی سیاسی نیشتمانی خرانە ڕوو."
ئاماژەی بەوەشکرد، "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هەوڵەکان بۆ تەواوکردنی هەنگاوە دەستوورییەکان کرا، بە ئاراستەی شایستەی پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانی بەهێز و خاوەن دەسەڵاتی تەواو، کە بتوانێت بەردەوام بێت لە بەرنامە خزمەتگوزاری و ئابوورییە ستراتیژییەکان، و لە ئاستی ئەو تەحەدییانەدا بێت کە ڕووبەڕووی دەوڵەتی عێراق دەبنەوە."
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە: "کۆبوونەوەکە جەختی لە گرنگی ئەوە کردەوە کە کارە لەپێشینەکان لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوودا بریتی بن لە بەدیهێنانی خواستەکانی هاووڵاتییان لە ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، هاوشانی بەدەستهێنانی پشتگیری هێزە سیاسییەکان و لە سەرووشیانەوە چوارچێوەی هەماهەنگی، هەروەها جەختکرایەوە سەر گرنگی یەکدەنگی لە بڕیاردان و لەپێشخستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق."
هاوپەیمانییەکە لە کۆبوونەوەکەیدا، بەگوێرەی بەیاننامەکە، جەختی کردەوە لەسەر "گرنگی ڕێزگرتن لە ئیرادەی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان، کە لە بەشداری فراوان لە هەڵبژاردنەکاندا ڕەنگی داوەتەوە، ئەمەش وا دەخوازێت کە ڕێڕەوی پێکهێنانی حکومەت وەڵامدەرەوەی خواستەکانی عێراقییەکان بێت، لە چوارچێوەی ئامانجی چەسپاندنی پێگەی نێودەوڵەتی عێراق، بەهێزکردنی پەیوەندییە دەرەکییەکانی، سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت، و بەهێزکردنی توانای هێزە چەکدارەکانمان بە هەموو جۆرەکانییەوە بۆ چەسپاندنی یاسا و قۆرخکردنی هێزی چەک، و پێدانی لەپێشینەیی بە سەروەری عێراق لە کارە نیشتمانییەکاندا."


