بەغداد - INA

نووسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران هەیبەت حەلبووسی، ئەمڕۆ چوارشەممە جەختیکردەوە: لە پشگیركردنی پێشنیازە یاسای سەربازیی زۆرەملێ لە عێراق، وەک پێویستییەکی ئەمنی و کۆمەڵایەتی کە بەشدار دەبێت لە بەهێزکردنی دامەزراوەی سەربازی.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "پاش دواین سەردانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران هەیبەت حەلبووسی بۆ بارەگای وەزارەتی بەرگری و دیداری لەگەڵ سوپاسالار، فەریقی یەکەمی هێزە تایبەتەکان عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵڵا، و فەرماندە و بەڕێوەبەرانی جۆرەکانی سوپای عێراق، ئاگاداری دیارترین ئەو تەحەددییانە بوو کە ڕووبەڕووی دامەزراوەی سەربازی دەبنەوە، و گوێی لە نمایشێکی ورد گرت سەبارەت بە ڕەوشی سوپا و پێداویستییەکانی پەرەپێدانی، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە دۆسیەی تەمەنی خۆبەخشان و بەهێزکردنی تواناکانیان و دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان هەیە".

بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: "سەردانەکە گفتوگۆی قووڵی لەگەڵ سەرکردایەتی وەزارەت و ئەفسەرە باڵاکان و ئەرکانەکان بەخۆوە بینی، کە تێیدا باس لە پێویستی دووبارە چاوخشاندنەوە بە بابەتی سەربازیی زۆرەملێ کرا، وەک بژاردەیەکی ستراتیژی بۆ بەهێزکردنی تواناکانی سوپا و بنیادنانی بنکەیەکی مرۆیی ڕێکخراو کە توانای لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی نیشتمانی هەبێت".

هەروەها ئەوەش هاتووە: "لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران پشتگیری پێشنیازی یاسای سەربازیی زۆرەملێ لە عێراق كرد، وەک پێویستییەکی ئەمنی و کۆمەڵایەتی کە بەشدار دەبێت لە بەهێزکردنی توانای دامەزراوەی سەربازی، و ئامادەکردنی نەوەیەک کە خاوەن دیسپلین و هۆشیاری و بەرپرسیارێتی بێت، جگە لە بەشداریکردن لە کەمکردنەوەی بێکاری و ئاڕاستەکردنی وزەی گەنجان بەرەو کارێکی ڕێکخراو، و سنووردانان بۆ تێوەگلان لە دیاردە نەرێنییەکان، و بەهێزکردنی ڕۆحی ئینتیمای نیشتمانی و تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی لە نێوان ڕۆڵەکانی عێراقدا".

بەگوێرەی بەیاننامەکە، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران جەختی کردۆتەوە کە "پشتگیریكردن و خستنەڕووی ئەم یاسایە دوای ڕاوێژکردن بووە لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، بە جۆرێک کە گەرەنتی تێپەڕاندنی بکات لەناو ڕێڕەوێکی یاساییدا کە ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندی گشتی بێت و خزمەت بە پێداویستییەکانی ئاسایشی نیشتمانی لە قۆناغی داهاتوودا بکات".