بەغداد - INA
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان، ئەمڕۆ چوارشەممە، پووچەڵکردنەوەی ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی قاچاخچێتی و هەڵوەشاندنەوەی تۆڕێکی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانی لە پارێزگای ئەنبار ڕاگەیاند، ئاماژەی بەوەشکرد: دەست بەسەر نیو ملیۆن حەبی هۆشبەردا گیراوە کە لای تۆمەتبارەکان بووە.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتییەکە عەمید زیاد محارب قەیسی، لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "لە بەردەوامی هەڵمەتی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، و بە بەدواداچوونی کەسیی لەلایەن وەزیری ناوخۆ و سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی بەڕێوەبەری گشتی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان، پاڵەوانانی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە پارێزگای ئەنبار ئۆپەراسیۆنێکی جۆرییان ئەنجامدا کە پشتئەستوور بوو بە زانیاری هەواڵگری ورد".
راشیگەیاند: "هێزەکە کەمینێکی توندیان دانا کە بووە هۆی دەستگیرکردنی تۆڕێک کە لە چوار تۆمەتباری بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان پێکهاتبوون"، جەختیشی کردەوە: لە "دەستبەسەرداگرتنی (500,000) هەزار حەب لە جۆری (کەپتاگۆن) کە لای دەستگیرکراوەکان بووە"، ڕوونیشیکردەوە: "ماددە هۆشبەرەکان لەناو بارهەڵگرێکی گەورەدا شاردرابوونەوە و بەنیازی قاچاخکردنی بوون بۆ یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ".
ئاماژەی بەوەشکرد: "بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕێکاری یاسایی پێویستی بەرامبەر تۆمەتبارەکان گرتۆتەبەر، و بەپێی حوکمەکانی ماددەی (28) لە یاسای ماددە هۆشبەرەکان ڕاگیراون بۆ ئەوەی سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرن"،و وتیشی: "بەڕێوەبەرایەتییەکە بە توندی ڕووبەڕووی هەر کەسێک دەبێتەوە کە بیەوێت یاری بە ئاسایش و داهاتووی گەنجانی عێراق بکات".

