بەغداد - INA
وەزارەتی نەوت، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند: تێکڕای بەرهەمهێنانی وەرگیراوە نەوتییەکان و گازی شلی تایبەت بە چێشتلێنان لە ئاستی بەکاربردن تێپەڕیکردووە، هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد: پڕۆسەکانی دابینکردن لە ناوەندەکانی دابەشکردن بە شێوەیەکی ئاسایی و باش بەڕێوەدەچن.
وەزارەتی نەوت، لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت، حەیان عەبدولغەنی سەواد، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی شانەی تەنگژەی کرد".
ئەوەشی خستەڕوو: "لە کۆبوونەوەکەدا بریکارانی وەزارەت بۆ کەرتەکانی دابەشکردن، دەرهێنان، گاز، پاڵاوتن، هەروەها ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی کۆمپانیا و فەرمانگەکانی وەزارەت ئامادە بوون".
لە بەیاننامەکەدا ڕوون کراوەتەوە کە "لە میانی کۆبوونەوەکەدا، پڕۆسەکانی بەرهەمهێنانی هەموو جۆرە وەرگیراوە نەوتییەکان خرانە ڕوو، و ئاماژە بەوە کرا کە تێکڕای بەرهەمهێنانی وەرگیراوە نەوتییەکان و گازی شلی تایبەت بە چێشتلێنان لە ئاستی بەکاربردن تێپەڕی کردووە، و پڕۆسەکانی دابینکردن لە ناوەندەکانی دابەشکردن بە ئاراستەیەکی باشدا دەڕۆن".
هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە: "لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کرا دەربارەی پرسی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکی، جگە لە پڕۆسەکانی هەناردەکردن لە ڕێگەی سووریاوە بە تانکەر".


