بەدواداچوون - INA

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ئەمڕۆ چوارشەممە لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، وەزارەتی جەنگ (پەنتاگۆن) خۆی ئامادە دەکات بۆ بڵاوکردنەوەی هێزێکی زۆری سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا، ئەمەش لە هەنگاوێکدا کە ئامانج لێی زیادکردنی گوشارە بۆ سەر ئێران و هاندانیەتی بەرەو ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بەو ململانێیەی چەند هەفتەیەکە بەردەوامە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، بەرپرسانی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە: "پەنتاگۆن لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەزاران سەربازی زیادە دەنێرێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک هەوڵێکی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ گوشارخستنە سەر ئێران بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە کۆتایی بە ململانێکان بهێنێت، هاوکات لەگەڵ تاوتوێکردنی ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی زیاتر یان ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە ئەگەری شکستهێنانی ئاگربەستە لەرزۆکەکەدا".

بەرپرسانی ئێستا و پێشوو ڕوونیان کردۆتەوە کە "هێزە زیادەکان نزیکەی 6000 سەرباز لەسەر پشتی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی (یو ئێس ئێس جۆرج ئێچ دەبلیوو بوش) لەخۆدەگرێت، لەگەڵ ژمارەیەک کەشتیی جەنگیی یاوەر".

ئەوەشیان وتووە: کە "پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ئەم مانگە، نزیکەی 4200 سەربازی تریش لە گرووپی (بۆکسەر)ی ئامادەی گۆڕەپانی دەریا و وشکانی، و هێزی پیادەی دەریایی سەر بەو گرووپە (یەکەی یازدەهەمی پیادەی دەریایی) بگەنە ناوچەکە".