بەدواداچوون - INA
ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی، ئەمڕۆ چوارشەممە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، لایەنی ئێرانی بە لایەنی پاکستانی ڕاگەیاندووە کە ئێستا لە تارانە، ئاگربەست لە لوبنان پشتگیری لە ئاڕاستەی ئەنجامدانی گفتوگۆی نوێ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات.
ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوەکەوە ئاشكرایكردووە: "دوای ئەو دیدارەی ئەمڕۆ لە نێوان وەفدی پاکستانی بە سەرۆکایەتی عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان، و بەرپرسانی ئێران لە نێویاندا وەزیری دەرەوە بەڕێوەچوو، تیمی ئێرانی پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی پێویست ئەنجام دەدەن، و دواتر بڕیار لەسەر خولی داهاتووی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان دەدرێت".
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئاگربەست لە لوبنان بە ئاماژەیەکی ئەرێنی دادەنرێت کە پاڵپشتی بڕیاری ئێران دەکات سەبارەت بە خولی داهاتووی دانوستانەکان، بەڵام دەبێت ویلایەتە یەکگرتووەکان پابەندی چوارچێوەیەکی لۆجیکی بێت بۆ وتووێژ، و ڕێگری لە کاروانەکە نەکات لە ڕێگەی داواکاری زیادەڕۆ یان شکاندنی ئەو پەیمانانەی کە پێش ئاگربەست دراون".
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی "تەسنیم"، میدیاکانی ئەمریکا ئاماژە بە "ئارەزووی واشنتۆن بۆ دەستپێکردنی خولێکی نوێی گفتوگۆکان دەکەن، بەڵام وەفدی ئێرانی جەخت لەسەر پێویستی ڕەچاوکردنی هەندێک بنەمای سەرەکی لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە دەکاتەوە کە داواکراون بۆ دەستپێکردنی دانوستانێکی لۆجیکی".


