بەغداد – INA – ویسام مەلا
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەمڕۆ چوارشەممە، میکانیزمەکانی بەدواداچوون بۆ بارودۆخی ئەو خوێندکارە عێراقییانەی لە دەرەوەی وڵات دەخوێنن ڕوونیکردەوە، و جەختیکردەوە: ڕێگە بە دابڕانی ئەو خوێندکارانە دەدرێت بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ بە مەرجی قەرەبووکردنەوەی ئەو ماوەیە لە داهاتوودا.
حەیدەر عەبوودی وتەبێژی وەزارەت، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند: "وەزارەت بە گشتی بەدواداچوون بۆ ئاستی زانستی ئەو خوێندکارە عێراقییانە دەکات کە لە دەرەوەی عێراقن و بەسەر وڵاتە جیاوازەکانی ناوچەکە و کیشوەرەکانی دیکەدا دابەش بوون"، ڕوونیشیکردەوە: "بەدواداچوونەکە لە فەرمانگەکانی پاشکۆی ڕۆشنبیرییەوە دەستپێدەکات و بەستراوەتەوە بە فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە کولتوورییەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا".
عەبوودی دەڵێت: "لە حاڵەتی دابڕانی خوێندکار لە خوێندن بەهۆی بارودۆخێکی دیاریکراوەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا پەنا دەباتە بەر ئەو چارەسەرانەی کە یاسای بنەماکانی یەکسانکردنی بڕوانامەکان دابینی کردووە، چونکە یاساکە ڕێگەی داوە بە خوێندکار، بەهۆی بارودۆخی تایبەتەوە، بۆ ماوەیەک لە خوێندن داببڕێت کە لە ٦٠ ڕۆژ تێنەپەڕێت، بەو مەرجەی ئەم ماوەیە لە داهاتوودا قەرەبوو بکرێتەوە بە مەبەستی تەواوکردنی پێداویستییە زانستییەکانی ئەو بابەتانەی دەیانخوێنێت، ئەمەش ئەو کارەیە کە وەزارەتی خوێندن بەپێی چوارچێوەیەکی یاسایی دیاریکراو و بەگوێرەی یاسا بەرکارەکان ئەنجامی دەدات".
ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو ماوەی دابڕانەی کە ڕێگەی پێدراوە (٦٠ ڕۆژ)، ڕەنگە بارودۆخی ناچاریی لەگەڵدا بێت وەک ئەوەی ئێستا ڕوودەدات، وەزارەتی خوێندنی باڵا سەیری ئەو بارودۆخانە و هۆکارەکانیان دەکات، بە جۆرێک کە لە حاڵەتە هاوشێوەکاندا کاریگەری نەرێنی لەسەر خوێندکار نەبێت".

