بەغداد - INA - محەمەد تاڵبی
وەزارەتی بازرگانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی و کارگێڕی بەرامبەر چەندین کەس ڕاگەیاند کە یارییان بە نرخەکان کردووە، هاوکات میکانیزمەکانی پەیوەندیکردن بە هاوڵاتیانی بۆ ئاگادارکردنەوە لە سەرپێچییەکان لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی (راقبني) و هێڵە گەرمەکانەوە دیاری کرد.
ڕیاز مەهدی موسەوی، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی چاودێری بازرگانی و دارایی لە وەزارەتی بازرگانی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "تیمەکانی چاودێری بازرگانی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەشی تاوانی ڕێکخراو و ئاسایشی نەتەوەیی و چاودێری تەندروستی، گەڕانی مەیدانی بەیانیان و ئێواران بۆ وردبینیکردنی نرخەکان و ماوەی بەسەرچوونی کاڵاکان ئەنجام دەدەن"، جەختیشیکردەوە لەسەر "دەستبەسەرداگرتنی چەندین حاڵەتی کاڵای ماوەبەسەرچوو کە تێکدراون و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران گیراوەتەبەر".
ڕوونیشیکردەوە: کە "بەرزبوونەوەیەک لە نرخەکانی (برنج، زەیت، شەکر) بە ڕێژەی جیاواز لە نێوان پارێزگاکاندا تۆمارکراوە و ڕۆژانە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت"، ئاماژەی بەوەشکرد: "ڕێکارە چاودێرییەکان سزای دارایی، یان بلۆککردن و هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی ئەو بریکارانە دەگرێتەوە کە سەرپێچی دەکەن، تا دەگاتە دەستگیرکردن لە حاڵەتەکانی غەشی پیشەسازی و هەوڵدان بۆ قاچاخچێتی کاڵاکانی سەبەتەی خۆراک لە نێوان پارێزگاکاندا".
موسەوی لە درێژەی قسەکانیدا وتی "فەرمانگەکە هەفتانە سەدان سکاڵا لە ڕێگەی بەشی سکاڵاکان، هێڵی گەرمی نووسینگەی وەزیر، ئەپڵیکەیشنی (راقبني) و لاپەڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەوانە (فەیسبووک) وەردەگرێت"، ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو لیژنانەی بە فەرمانی دیوانی پێکهێنراون و لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتەکانی تەندروستی، کشتوکاڵ، پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆری لەخۆدەگرن، کار دەکەن بۆ چارەسەرکردنی دەستبەجێی سەرپێچییەکان و کۆنترۆڵکردنی نرخەکان لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا".

