بەغداد – INA – فاتیمە ڕەحمە

جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیران، عەلی ڕەزووقی، ئەمڕۆ چوارشەممە، بوونی هەوڵێکی حکومی بۆ دابینکردنی ٥٠٠٠ هەلی خوێندن لە دەرەوە سەرەڕای تەحەددییە ئابوورییەکان دوپاتکردەوە، هاوکات پلانێکی بۆ دامەزراندنی سەنتەری نیشتمانی بۆ زیرەکی دەستکرد، ئاسایشی سایبەری و گۆڕانی دیجیتاڵی ئاشکرا کرد.

ڕەزووقی لە وتارێکدا لە میانی حەوتەمین کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی بۆ داهێنان و نوێگەری، کە بە نوێنەرایەتی سەرۆک وەزیران پێشکەشی کرد و پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی ئامادەیبوو، ڕایگەیاند: "حکومەتی عێراق بایەخێکی ڕوو لە زیادبوو بە زانست و زانایان دەدات، چونکە درک بەوە دەکات وەبەرهێنانی ڕاستەقینە لە عەقڵ و کارامەییە نیشتمانییەکان دایە، ئەمەش لە ڕێگەی پشتگیریکردنی دامەزراوە پەروەردەییەکان، چاودێریکردنی وزە بەهرەمەندەکان و پەرەپێدانی قوتابخانەکانی منداڵە بلیمەت و لێهاتووەکان لە عێراقدا دەردەکەوێت، کە بوونەتە ژینگەیەکی پێشەنگ بۆ گەشەپێدانی تواناکان و ئامادەکردنی نەوەیەک کە توانای سەرکردایەتیکردنی داهاتووی هەبێت بە زانستێکی جێگیر و فکرێکی نوێگەرەوە".

ئەوەشی خستەڕوو: کە "ئەم ئاڕاستەیە پشتگیریکردنی لیژنەی باڵای پەرەپێدانی خوێندنی باڵا لە عێراقیش دەگرێتەوە، لەگەڵ سووربوون لەسەر دابینکردنی ٥٠٠٠ هەلی خوێندن لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان سەرەڕای بارودۆخی ئابووری ئێستا، جگە لە دامەزراندنی سەنتەری نیشتمانی گرنگ بۆ زیرەکی دەستکرد، ئاسایشی سایبەر و گۆڕانی دیجیتاڵی و بەستنەوەیان بە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانەوە"، ئاماژەی بەوەشکرد: کە "ئەم کۆڕبەندە زانستییە ژینگەیەکی هاندەرە بۆ بنیادنانی توانای داهێنان لە لای خوێندکاران، توێژەران و داهێنەران، و وەک ناوەندێکی زیندوو بۆ عەقڵە بەرهەمهێنەرەکان و سەکۆیەک بۆ بەیەکگەیشتنی ئەزموونەکان و ئاڵوگۆڕی مەعریفە لە پسپۆڕییە جیاوازەکاندا کار دەکات، بەوەش بەشدار دەبێت لە چەسپاندنی کولتووری نوێگەری و بەهێزکردنی کاروانی داهێنان لە ڕێگەی بنیادنانی بنکەیەکی مەعریفی کە توانای هاوشانبوونی گۆڕانکارییە خێراکانی هەبێت".

جەختیشیکردەوە: "بەستنی کۆنفرانسەکە لەم بارودۆخەدا پەیامێکی گرنگ هەڵدەگرێت، ئەویش ئەوەیە کە زانست کۆڵەکەی سەرەکییە بۆ هەستانەوەی کۆمەڵگاکان، و داهێنان ڕێگای تێپەڕاندنی تەحەددییەکانە، بەتایبەت کە هێزی بزوێنەرە بۆ بنیادنانی کۆمەڵگایەکی شارستانی پێشکەوتوو کە خزمەتی مرۆڤ بکات و بەهاکان بچەسپێنێت، دوور لە هەموو ئەو شتانەی دەبنە هۆی نەمانی ئاسایش یان بەکارهێنانی زانیاری بۆ لەناوبردنی گیانەکان و ستەمکردن لە مرۆڤایەتی"، ئاماژەی بە "هیوای وڵاتەکە کرد بۆ پشتگیری وڵاتانی ناوچەکە، لەوانە کۆماری ئیسلامی ئێران، دەوڵەتی لوبنان و سەرجەم وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی، بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری، و باڵادەستبوونی لۆژیکی حیکمەت بەجۆرێک کە هیواکانی گەلان بەدی بهێنێت و شارستانیەتێکی مرۆیی لەسەر بنەمای هاوکاری بنیاد بنێت لەبری ململانێ".

لە کۆتاییدا دوپاتیکردەوە کە "گرنگی ئەم کۆنفرانسە لە هەوڵدان بۆ هاندانی داهێنان و چاودێریکردنی نوێگەری و کردنەوەی ئاسۆیەکی نوێ لەبەردەم توێژەران و پسپۆڕان دێت بۆ پێشکەشکردنی چارەسەری واقیعی بۆ کێشە سەردەمییەکان"، هیوای خواست "دانیشتنەکانی ئەم کۆنفرانسە ببنە مایەی ڕاسپاردەگەلێک کە بەشدار بن لە پشتگیریکردنی کاروانی زانست و مەعریفە، و ئەم دیدارە هەنگاوێکی زیاتر بێت بەرەو داهاتوویەک کە پێشکەوتن و سەقامگیری تێدا باڵادەست بێت".