نێودەوڵەتی – INA
گراهام ئارنۆڵد، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی نیشتمانیی عێراق بۆ تۆپی پێ، ئەمڕۆ سێشەممە جەختی کردەوە کە گەشتی پاڵاوتنەکان متمانەی ئەوی بە هێزی هەڵبژاردەکە زیاتر کردووە بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی جیهان هەڵبژاردە گەورەکان تووشی سەختی و شەرمەزاری بکەن.
ئارنۆڵد لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ئوسترالی، کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بڵاویكردهوه، ڕایگەیاند: "داهاتووی من دوای مۆندیال هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە، چونکە گرێبەستەکەم دوای پاڵەوانێتییەکە کۆتایی دێت و تا ئێستا هیچ گفتوگۆیەکی فەرمی ئەنجام نەدراوە،" هاوکات دووپاتی کردەوە کە "بیرۆکەی وازهێنان (خانەنشینبوون) لە مێشکیدا نییە."
ئارنۆڵد ڕوونی کردەوە کە بژاردەکانی بە کراوەیی دەهێڵێتەوە و دەیەوێت بە تەواوی سەرنج بخاتە سەر جامی جیهانی، کە تێیدا عێراق بۆ یەکەمجار دوای ٤٠ ساڵ بەشداری دەکات.
ئارنۆڵد وتیشی: "هەموو ئەگەرەکان لە ئارادان، گرێبەستەکەم ڕاستەوخۆ دوای جامی جیهانی کۆتایی دێت، هەروەها هەندێک قسە هەن سەبارەت بە ئارەزووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بۆ بەردەوامبوونم لەگەڵ هەڵبژاردەکە، بەڵام تا ئێستا هیچ پێشنیارێکی فەرمیم بەدەست نەگەیشتووە."
ئاماژەی بەوەش کرد: "لە ڕاستیدا لە ئێستادا هیچ شتێکی فەرمیم ناوێت؛ دەمەوێت بچمە جامی جیهانی و چێژ لەو ئەزموونە وەربگرم، دوای ئەوە بڕیار دەدەم کە دەمێنمەوە یان دەڕۆم،" جەختیشی کردەوە کە "گەشتی پاڵاوتنەکان متمانەی ئەوی بە تواناکانی عێراق بەهێز کردووە بۆ ئەوەی لە مەیدانی جیهانیدا تیپە گەورەکان شەرمەزار بکات."
لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: "ئێمە وەک لایەنی لاواز دەچینە ناو پاڵەوانێتییەکەوە، بەڵام جەنگاوەر دەبین، ئەگەر کەس هەلی کێبڕکێمان پێنەبەخشێت، دەتوانین بچینە ئەوێ و شتێکی تایبەت بەدەستبهێنین،" ئاماژەی بەوەش کرد کە "بەشداری پاڵەوانێتییەکە دەکەین و هیچ شتێکمان نییە لەدەستی بدەین، بەڵکو هەموو شتێک بۆ بردنەوەیە، و هەلێکی باشمان لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی سوپرایزێکی گەورە بۆ جیهان دروست بکەین."
