نێودەوڵەتی – INA
چین، ئەمڕۆ سێشەممە، بۆ یەکەمجار لەمساڵدا موشەکی (Kinetica-1)ی هەڵدا و کۆمەڵێک مانگی دەستکردی پێ ڕەوانەی خولگەی زەوی کرد.
بەگوێرەی ئاژانسی "شینخوا"، پرۆسەی هەڵدانەکە لە ناوەندی "جیوگوان"ی چینی بۆ هەڵدانی مانگی دەستکرد ئەنجامدرا، ڕێک لە کاتژمێر ١٢:٠٣ی نیوەڕۆ بە کاتی ناوخۆ. موشەکەکە سەرکەوتوو بوو لە جێگیرکردنی هەشت مانگی دەستکرد لە خولگە دیاریکراوەکانیاندا، کە مانگی (Gaofen-07A02) یەکێکیانە و تایبەتە بە هەستپێکردنی دوور (Remote Sensing) بۆ زەوی.
موشەکی (Kinetica-1) موشەکێکی بۆشاییگەرییە کە لەلایەن کۆمپانیای (CAS Space)ی چینییەوە پەرەی پێدراوە و بە سووتەمەنی ڕەق کاردەکات؛ درێژییەکەی ٣١ مەترە و تیرەکەی ٣.٣٥ مەترە، توانای هەڵگرتنی بارستەی تا دوو تۆنی هەیە بۆ خولگە نزمەکانی زەوی.
کۆمپانیای (CAS Space)ی چینی لە ٣١ی ئازاری ڕابردووشدا، یەکەم پرۆسەی سەرکەوتووی هەڵدانی موشەکە نوێیەکەی بەناوی (Kinetica-2) ئەنجامدا و سێ مانگی دەستکردی پێ ڕەوانەی خولگە کرد.
چین بە چالاکی کار لەسەر پەرەپێدانی پرۆگرامە نیشتمانییەکەی بۆ بۆشایی ئاسمان دەکات، لەوانە پەرەپێدانی مانگی دەستکرد بۆ کەشناسی، پەیوەندییەکان و ڕێدۆزی (Navigation)، هەروەها پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا بۆ گەڕان لەسەر مانگ. بە پاڵپشتی دەوڵەت، پسپۆڕانی چینی کار لەسەر پڕۆژەی گەڕان بەدوای هەسارۆکەکان و مەریخدا دەکەن، هاوکات چین خاوەنی وێستگەیەکی خولگەیی تایبەتە لە بۆشایی ئاسماندا کە دەتوانرێت بۆ پڕۆژە نێودەوڵەتییەکانی توێژینەوەی بۆشایی ئاسمان سوودی لێ وەربگیرێت.
سەرچاوە: ئاژانسەکان
