نێودەوڵەتی – INA

فواد سەنیۆرە، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری لوبنان، ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند کە حکومەتی لوبنان کار دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو جەنگەی (ئیسرائیل) بەرپای کردووە.

سەنیۆرە لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "ئه‌خبارییه‌"ی عێراقی کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بڵاویكرده‌وه‌ تێیدا، ڕایگەیاند: "حکومەتی لوبنان کار دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو جەنگەی (ئیسرائیل) کە ئێستا لە لوبنان بەڕێوەدەچێت، و هەوڵ دەدات لە زووترین کاتدا کۆتایی پێ بهێنێت، هاوکات پشتگیری لەو هەوڵانەش دەکات کە ئامانجیان ڕێگریکردنە لە فراوانبوونی جەنگەکە بۆ سەر ئێران و ناوچەکە."

سەنیۆرە جەختی کردەوە کە "لوبنان بە قۆناغێکی سەختدا تێدەپەڕێت کە پێویستی بە دۆزینەوەی چارەسەرێکی خێرا هەیە بۆ ڕاگرتنی کردەوە دوژمنکارییەکانی ئیسرائیل،" ئاماژەی بەوەش دا کە "چەند کەسایەتییەک لەلایەن حکومەت و سەرۆکایەتی کۆمارەوە دیاری دەکرێن بۆ ئەوەی دۆسیەی دانوستانەکان بگرنە دەست."

وتیشی: "حزبوڵڵا بەشدار بوو لە کۆتاییهێنان بە داگیرکاریی ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٠٠دا،" بەڵام لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە لەسەر "پێویستیی سنووردارکردنی بڕیاری جەنگ و ئاشتی لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی لوبناندا، و داوای کرد چەکەکان ڕادەستی دەوڵەت بکرێن."

ئەوەشی خستە ڕوو کە "گۆڕه‌پانی لوبنان لە سایەی پەرەسەندنی خێرای ڕووداوەکاندا، شایەتی لێکەوتەی مرۆیی و ئەمنیی مەترسیدارە، لەگەڵ بەردەوامیی کردەوە سەربازییەکان لە باشوور و ئەو زیانە گیانی و ئاوارەبوونە بەرفراوانە و وێرانبوونی ژمارەیەک شارۆچکەی لێ کەوتووەتەوە، لە کاتێکدا ئیسرائیل باس لە دروستکردنی (ناوچەی دابڕاو - المنطقة العازلة) دەکات."

ڕوونیشیکردەوە کە "حکومەتی لوبنان هەوڵ دەدات دەسەڵاتی دەوڵەت بۆ سەر بڕیاری جەنگ و ئاشتی بگەڕێنێتەوە، چەک تەنها لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا بێت، جگە لە ڕێکخستنی پرۆسەی دانوستان بە ناوی لوبنانەوە."

ئاماژەی بەوەش دا کە "جووڵەیەک لەلایەن حکومەتی ئێستاوە هەیە بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی پەرەسەندنەکان و کردنەوەی کەناڵی سیاسی و دیپلۆماسی بە بەشداریی لوتکەی دەسەڵاتی دەوڵەت، بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە کردەوە دوژمنکارییەکان ڕابگرێت و سەقامگیری بۆ وڵات بگەڕێنێتەوە."

لە دۆسیەی دانوستانەکانیشدا، سەنیۆرە پێشبینی کرد "ئەم ڕێڕەوە هەنگاوی سەرەتایی بە سەرپەرشتیی نێودەوڵەتی و بە بەشداریی وەفدی لوبنانی و (ئیسرائیلی) بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەخۆیەوە ببینێت، وەک ئامادەکارییەک بۆ تاوتوێکردنی ڕێوشوێنی ئەمنیی فراوانتر، لە کاتێکدا باس لە سپاردنی ئەرکی دانوستانەکان بە کەسایەتییە دیپلۆماسییە بە ئەزموونەکان دەکرێت."