بەدواداچوون- INA

ئەمڕۆ دووشەممە ، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان، شێخ نەعیم قاسم، تەئکیدی کردەوە کە حزبەکە ڕووبەڕووی دەستدرێژییەکی وەحشیانە دەبێتەوە کە ڕەچاوی هیچ ئیعتیبارێکی مرۆیی ناکات.

شێخ قاسم لە وتارێکدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: "ئێمە لە سەرەتای جەنگی (ئۆلی ئەلبەئس)ـەوە ڕووبەڕووی دەستدرێژییەکی وەحشیانەی (ئیسرائیلی) ئەمریکی دەبینەوە، کە هیچ بایەخێکی مرۆیی تێدا نییە"، ئاماژەی بەوەش کرد "بۆ ماوەی 15 مانگ بەرگەی ئەوەمان گرت کە دوژمنی (ئیسرائیلی) تەنانەت یەک خاڵی ڕێککەوتنی 27ی تشرینی دووەمی 2024ی جێبەجێ نەکرد، لەگەڵ ئەوەشدا دانبەخۆداگر بووین".

وتیشی: "دیپلۆماسی یەک هەنگاویش بەرەو پێش نەچوو و ڕێڕەوی بەردەوامیی دەستدرێژییەکانی (ئیسرائیل) بە پاڵپشتی تەواوی ئەمریکا مایەوە"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئامانجەکانی داگیرکەری (ئیسرائیل) ڕوونن، ئەویش لەناوبردنی هەر هێزێکە کە لوبنان هەیبێت".

ڕوونیشیکردەوە "ناکرێت پاساو بۆ ئەوە بهێنرێتەوە کە دەوڵەتی لوبنان بە دەسەڵاتەکەیەوە ببێتە ئامرازێکی جێبەجێکار بۆ ئەوەی (ئیسرائیل) دەیەوێت و بارودۆخی ناوخۆیی لە ڕووبەڕووبوونەوەیدا لاواز بکات"، تیشکیشی خستە سەر ئەوەی کە "بڕیاری ڕووبەڕووبوونەوە و بەرگریمان داوە بۆ پاراستنی لوبنان و گەلەکەی، و بەم مانایە جەنگی (ئەلعەسفول مەئکول) ئەنجام دەدەین".

شێخ قاسم ڕەتکردنەوەی خۆی بۆ "دانوساندن لەگەڵ قەوارەی داگیرکەر" دەربڕی و ڕوونیکردەوە "ئەوانە دانوستانی بێهوودەن و پێویستیان بە کۆدەنگی لوبنان هەیە بۆ گۆڕینی ئاراستەکە، چونکە دانوستانەکان زنجیرەیەک سازشی بێبەرامبەرن".

ئاماژەی بەوەشکرد: "تاکە ڕێڕەو کە سەروەری بەدی بهێنێت و لوبنان ڕزگار بکات، جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکەیە"، ڕوونیشیکردەوە کە "خاڵەکان بریتین لە: ڕاگرتنی تەواوەتی دەستدرێژییەکان، کشانەوەی دەستبەجێ، ئازادکردنی دیلەکان، گەڕانەوەی ئاوارەکان و سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوە".

لە کۆتاییدا وتی: "ئێمە هەرگیز خۆمان بەدەستەوە نادەین و تا دوا هەناسە ڕووبەڕووی دەستدرێژییەکان دەبینەوە"، جەختیشی کردەوە کە "ڕێککەوتنی ئاگربەست دەقەکەی لەسەر ڕاگرتنی تەواوەتی دەستدرێژییەکان و ئازادکردنی دیلەکان و دەستپێکردنی ئاوەدانکردنەوە بووە".