بەدواداچوون – INA

بەرپرسێکی پاکستانی ئاشکرای کرد کە ئیسلام ئاباد هەوڵە دیپلۆماسییەکانی چڕکردووەتەوە بە ئامانجی گەڕاندنەوەی تاران و واشنتن بۆ سەر مێزی گفتوگۆ، پێش کۆتایی هاتنی ئاگربەستی 14 ڕۆژەکە.

ئەو بەرپرسە لە لێدوانێکدا کە کەناڵی (CBS)ی ئەمریکی گواستوویەتییەوە، جەختی کردەوە کە "ئەو پەیوەندییانەی ئێستا لەگەڵ هەردوو لایەنی ئێرانی و ئەمریکی ئەنجام دەدرێن، بە ڕێنمایی ڕاستەوخۆ و باڵای سەرۆک وەزیرانی پاکستان و فەرماندەی سوپا دێن، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو گرنگییە ستراتیژییەیە کە پاکستان بە دۆسیەی هێورکردنەوەی دەدات".

سەرچاوەکە بۆ کەناڵە ئەمریکییەکە ڕوونیکردەوە، "جووڵەپاکستانییەکە پێشبڕکێ لەگەڵ کاتدا دەکات بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی بەرجەستە پێش کۆتایی هاتنی ماوەی ئاگربەستی ئێستا"، هاوکات هۆشداریشی دا لە لێکەوتەکانی نەبوونی چارەسەری دیپلۆماسی لەم کاتە هەستیارەدا.