بەغدا – INA

سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، شێخ هەمام حەمودی، ئەمڕۆ یەکشەممە داوای لە چوارچێوەی هەماهەنگی کرد کاندیدی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بە کۆدەنگی یان بە زۆرینە یەکلایی بکاتەوە.

شێخ هەمام حەمودی لە راگه‌یندراوێكدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوه‌ تێیدا، ڕایگەیاند: "ئەو قۆناغەی دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دێت، پابەندبوونی سیاسی بەپەلە دەسەپێنێت"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "چوارچێوەی هەماهەنگی ماوەیەک کە لە دوو هەفتە تێپەڕ نەکات لەبەردەمدایە بۆ هەڵبژاردنی کاندیدی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، لەگەڵ پەرۆشی بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بە کۆدەنگی یان بە زۆرینە ئەنجام بدرێت".

شێخ حەمودی جەختی لە پێویستی پەرەپێدانی ئەدای "چوارچێوە" کردەوە بۆ ئەوەی لە بازنەی ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕاوە بچێتە ئاستی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، ئەویش لە ڕێگەی دابەشکردنی دۆسیەکان لە نێوان لایەنەکانیدا بە شێوەیەک کە پاڵپشتی سەرۆک وەزیران و حکومەت مسۆگەر بکات، و هەمووان بە شێوەیەکی تەواوکاری بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەکانیان لەئەستۆ بگرن.

ئاماژەی بەوەش دا کە "حکومەتی داهاتوو لەبەردەم تەحەددییە بنەڕەتییەکاندا دەبێت، کە لە پێشەنگیاندا بونیادنانی سوپایەکی نیشتمانییە کە توانای پاراستنی سەروەریی هەبێت، هەروەها چالاککردنی جووڵە دیپلۆماسییەکان بۆ بەهێزکردنی هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بە جۆرێک کە بەشدار بێت لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە".

لە هەمان چوارچێوەدا، داوای گۆڕانکاری کرد لە سروشتی کارکردنی حکومەتدا، لە حکومەتێکی حزبییەوە کە کێبڕکێ لەسەر پۆست و بەرژەوەندییەکان دەکەن، بۆ حکومەتێک کە نوێنەرایەتی گەل بکات و پشت بە بەشداری کارای ئەوان ببەستێت لە پاڵپشتیکردن و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیدا، بە ئامانجی بەهێزکردنی متمانە و بەدیهێنانی سەرکەوتنی چاوەڕوانکراو.