نێودەوڵەتی – INA

ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا و ڕێبەری هاوپەیمانی ڕاستڕەوی "فیدیس"، دانی بە شکستی خۆیدا نا لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی وڵاتەکەیدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە بەڕێوەچوو.

ئۆربان لەبەردەم کۆبوونەوەیەکی لایەنگرانی لە بوداپێست ڕایگەیاند: "ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ڕوونن، هەرچەندە هێشتا کۆتایی نین".

هەروەها وتیشی: "بەرپرسیارێتی و ئەرکی پێکهێنانی حکومەتیان ڕادەستی کەسانی تر کردووە، منیش پیرۆزباییم لە پارتە براوەکە کردووە".

لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد: "بارودۆخەکە هەرچییەک بێت، ئێمە لە ڕیزەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنی نیشتمان و نەتەوەی هەنگاریا".

جێی وەبیرهێنانەوەیە، ئەنجامە سەرەتاییەکانی جیاکردنەوەی (٥٣.٤٥٪)ی دەنگەکانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی هەنگاریا ئاماژە بە سەرکەوتنی پارتی "تیسا"ی ئۆپۆزسیۆن دەکەن بە بەدەستهێنانی ١٣٦ کورسی لە کۆی ١٩٩ کورسی پەرلەمان.